ترەمپ دەڵێت، ئێران رازی نەبووە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت و بنکەکانی بپشکێندرێن

05-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران رازی نەبووە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت یان رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوای هێرشە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە "بۆ هەمیشە پەکخرا."
 
ترەمپ کە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، گوتی، هەرچەندە تاران رەزامەندی لەسەر چوونی پشکنینەکان یان راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم نەداوە، بەڵام پێیوایە بەرنامەکەی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. ترەمپ گوتی، "دەتوانم بڵێم بۆ هەمیشە پەکخراوە." هەروەها گوتیشی، "پێم وایە دەبێت لە شوێنێکی دیکەوە دەستپێبکەنەوە. ئەگەریش دەستپێبکەنەوە، ئەوە دەبێتە کێشە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە رێگە نادات ئێران دەست بە خواستە ئەتۆمییەکانی بکاتەوە و رایگەیاند، سەرکردایەتیی ئێران پەرۆشی بینینی ئەون؛ هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئێران تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان دەبێت لە سەردانەکەی رۆژی دووشەممەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ کۆشکی سپی.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە دوایین پشکنەرانی لە ئێران کشاندووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ناکۆکییەکان لەسەر سەردانیکردنی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لە هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆردوومان کران، تووندتر بوونەتەوە.
 
جەنگە دوازدە رۆژییەکە کە سێ هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکرد، یەکەم هێرشی سەربازیی راستەوخۆی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران.
 
لە کاتێکدا ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە، واشنتن و تەلئەڤیڤ پێیان وایە تاران بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی یۆرانیۆمی پیتاندووە.
 
ئاژانسەکە لە دوای هێرشەکانەوە دەستی بە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران رانەگەیشتووە، سەرەڕای ئەوەی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە رایگەیاندووە کە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لە پێشینەی کارەکانیانە.
 
ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، ئەوەیە کە پەرلەمانی ئێران یاسایەکی دەرکردووە کە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رادەگرێت تاوەکو سەلامەتیی دامەزراوەکانی مسۆگەر دەکرێت. هەرچەندە ئێران بە فەرمی ئاژانسەکەی لەم راگرتنە ئاگادارنەکردووەتەوە، بەڵام کاتی گەڕانەوەی پشکنەران نادیارە.
 
ئێران، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە دەرکردنی راپۆرتێکی رەخنەگرانە لە 31ی ئایار، بە شێوەیەکی کاریگەر کارئاسانی بۆ هێرشەکان کرد. ئەو راپۆرتە بوونە هۆی دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکەوە کە ئێرانی بە پێشێلکردنی پابەندییەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار کرد.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سێ بنکەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیان خاپوور کردووە یان زیانێکی گەورەیان پێگەیاندوون. بەڵام، ناڕوونی لەبارەی چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانەوە بەردەوامە، بەتایبەتی ئەو 400 کیلۆگرامەی کە تاوەکو ئاستی 60% پیتێنراوە — ئاستێک کە تەنیا کەمێکی دەمێنێت بۆ گەیشتن بە کواڵێتیی دروستکردنی چەک. کۆی گشتیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاشکراکراوی ئێران پێش هێرشەکان نزیکەی نۆ تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا