رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ناوچەی هیڵ کاونتییە لە نێوەڕاستی ویلایەتی تێکساس. لە بەیانی رۆژی هەینییەوە لافاو ناوچەکەی گرتووەتەوە. بەرپرسانی ویلایەتەکە لە 14 ناوچە باری نائاساییان راگەیاندووە.
داڵتن رایس، بەڕێوەبەری شاری کێرڤیڵی تێکساس دەڵێت: "ئەم رووداوە زۆر بەخێرایی و لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا روویدا کە نەدەکرا پێشبینی بکرێت، تەنانەت سەرەڕای هەبوونی ئامێری پێشبینیکردنی کەشوهەوا. تیمەکەمان بەردەوام چاودێریی ئامێرەکانی تایبەت بە پێشبینیکردنی کەشوهەوا دەکات و پەیامەکانی دەزگای نیشتمانیی کەشناسی وەردەگرێت."
تاوەکو ئێستا بەهۆی لافاوەکەوە لانیکەم 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی کە لە 500 کەس پێکهاتوون، بە درۆن، هێلیکۆپتەر و بەلەم بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 230 کەسیان لە مردن رزگار کردوون.
لافاوەکە هێندە کاریگەر و وێرانکەرە، 70 هەزار خانوو و شوێنی کاری وێران کردووە یانیش زیانی پێگەیاندوون.
داڵتن رایس، بەڕێوەبەری شاری کێرڤیڵ دەڵێت: "بێگومان دۆخەکە هێشتا بەردەوامە. بەردەوامین لە چاودێریکردنی کەشوهەوا، داواکارین گوێ لە سەرچاوە میدیاییە نێوخۆییەکان بگیرێ. داواش لە خەڵک دەکەین لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و خۆیان بپارێزن."
بەرپرسانی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە هێندەی چەند مانگێک باران باریوە و پێشنیش دەکەن تاوەکو دوو رۆژی دیکە کەشەکە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ