سەرۆکی پیرۆ مووچەکەی دوو هێندە دەکات و ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە

05-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دینا بۆلوارتێ، سەرۆکی پیرۆ
دینا بۆلوارتێ، سەرۆکی پیرۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دینا بۆلوارتێ، سەرۆکی پیرۆ مووچەی خۆی دووهێندە زیاد دەکات و دەیگەیێنێتە نزیکەی 10 هەزار دۆلار لە مانگێکدا، ئەوەش تووڕەیی بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتووەتەوە، کە دەڵێن باشتر بوو ئەو پارەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری خەرج بکرێت.
 
وەزیری ئابووریی پێرۆ دەڵێت، مووچەی بۆلوارتێ، کە رێژەی رەزامەندیی خەڵک لەسەری لە نزمترین ئاستەکانی سەرکردەکانی جیهاندایە، بۆ 35 هەزار و 568 سۆڵ، واتە 10 هەزار و 67 دۆلاری ئەمریکی زیاد کراوە، کە نزیکەی 30 هێندەی کەمترین مووچەی وڵاتەکەیە.
 
پێشتر مووچەی سەرۆکی وڵاتەکە نزیکەی چوار هەزار و 400 دۆلار بوو.
 
مووچەی سەرۆک تاوەکو ساڵی 2006، سەرووی 11 هەزار و 500 دۆلار بوو، بەڵام لەلایەن ئالان گارسیا، سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکەوە کەمکرایەوە بۆ ئەو بڕە.
 
وەزیری ئابووریی پیرۆ گوتی، زیادکردنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کراوە و دەبێت دەستبەجێ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
حکومەتی پیرۆ گوتی، مووچەی سەرۆکەکە زۆر کەم بووە بەراورد بە سەرۆکەکانی 11 وڵاتی ئەمریکای لاتین.
 
هەڵسەنگاندنێکی ساڵی رابردووی رۆژنامەی "ریۆ تایمز" دەریخستووە کە مووچەی سەرۆکەکانی ئەمریکای لاتین لەنێوان 3000 بۆ 22 هەزار دۆلاردایە.
 
رۆلاندۆ فۆنسێکای خانەنشین، لە دەرەوەی لە لیمای پایتەخت گوتی، "ئەوە گاڵتەجاڕییە. هەژارییەکی زۆر لە سەرتاسەری پیرۆ هەیە و پێویستە سەرۆک نموونە بێت."
 
ئابووریی پیرۆ لە دوو ساڵی رابردوودا بووژاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەو پاشەکشێیەی بەهۆی خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتیی بۆلوارتێدا روویدا. بەڵام رێژەی هەژاری، کە لە کاتی پەتای کۆرۆنادا خراپتر بوو، هێشتا نزیکەی 30%ـە. 
 
خانمە سەرۆکەکە لە تەمموزی 2026 ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێ، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بۆ نیسانی داهاتوو دانراوە.
 
کارمێن خوارێز، ژنی ماڵ، لە لیما گوتی: "خەریکە دەڕوات و هیچ پێویستییەک نییە مووچەکەی زیاد بکات؛ دەبێت یارمەتیی نەخۆشخانەکان و منداڵە نەخۆشەکان بدات."
 
بۆلوارتێ لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 چووە سەر دەسەڵات، دوای ئەوەی پێش خۆی، پێدرۆ کاستیۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دوای هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، دەستگیرکرا. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکانی "داتوم" و "ئیپسۆس پیرۆ"، رێژەی رەزامەندی لەسەری لە نێوان 2% بۆ 4%دایە.
 
سەرۆکی ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی بووەتەوە، لەوانەش تۆمەتی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی کە پەیوەندی بە کاتژمێری رۆلێکسەوە هەیە؛ هەروەها لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە لەبارەی رۆڵی لە سەرپەرشتیکردنی کاردانەوەی پۆلیس و سوپا بەرامبەر خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت، کە تێیدا زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بۆلوارتێی تەمەن 63 ساڵ، هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
 
هەوڵە دووبارەکان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە بۆلوارتێ لەلایەن پارتە سیاسییە نەریتخوازەکانەوە کە پشتیوانی دەکەن، شکستیان هێناوە. پیرۆ لە ساڵی 2018ـەوە شەش سەرۆکی هەبووە و سێیان ئێستا لە زینداندان.
 
جەیمی کیتۆ، پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن گوتی، پلانی هەیە دەستپێشخەرییەک لە پەرلەمان پێشکێش بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی زیادکردنی مووچەکە.
 
گوتیشی، "ئەمە سووکایەتیکردنە بە وڵاتێک کە رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا