جیهان
ئەم وێنەیە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە کە لای راستەوە مرۆڤی نیاندەرتاڵ و لای چەپەوە مرۆڤی مۆدێرن دەردەخات.
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، گۆڕانکارییەکی بچووکی جیناتی کە لە مرۆڤی مۆدێرندا هەیە بەڵام لە نیاندەرتاڵەکاندا نەبووە، رەنگە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەسەندنی ئێمە و لەنێوچوونی خزمە نزیکەکانمان.
ئەم توێژینەوەیە، کە لە گۆڤاری زانستیی (Proceedings of the National Academy of Sciences) بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر جۆرێکی تایبەتی جینی 'ADSL' کە لە مرۆڤی ئەمڕۆدا باوە، بەڵام لە نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤانەکاندا (جۆرێکی دیکەی مرۆڤی کۆن) بوونی نەبووە.
دۆزینەوە سەرەکییەکان
تیمێکی نێودەوڵەتی لە توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو وەشانەی ئەم جینە لە مرۆڤی ئەمڕۆدا هەیە، ئەنزیمێکی کەمتر جێگیر بەرهەم دەهێنێت بە بەراورد بەوەی لە نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤانەکاندا هەبووە.
بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەرییەکەی، زانایان بە بەکارهێنانی تەکنیکی دەستکاریکردنی جین (CRISPR)، وەشانی مرۆیی جینەکەیان خستە ناو مشکەوە. ئەنجامەکان سەرنجڕاکێش بوون؛ مشکە مێینەکان کە هەڵگری جینە مرۆییەکە بوون، توانایەکی باشتریان لە دۆزینەوەی ئاودا نیشاندا، بەتایبەتی لە کاتی کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاودا.
ئەمە ئاماژەیەکی گرنگە کە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کیمیای مێشکدا رەنگە سوودێکی پەرەسەندووی بە مرۆڤی کۆن بەخشیبێت بۆ مانەوە لە ژینگە سەختەکاندا.
رای پسپۆڕان
سڤانتی پابۆ، زانای بۆماوەیی لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، دەڵێت: "من دڵنیام کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان مرۆڤی مۆدێرن و فۆرمە کۆنەکانی مرۆڤدا هەیە".
پابۆ روونیدەکاتەوە، "راستییەکەی ئەوەیە کە نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤانەکان ژمارەیان هەرگیز لە چەند سەد هەزار کەس تێنەپەڕی و تەکنەلۆژیاکەیان بۆ سەدان هەزار ساڵ بەنزیکەیی نەگۆڕا، لە کاتێکدا مرۆڤی مۆدێرن تەنیا لە ماوەی سەد هەزار ساڵدا بە هەموو هەسارەکەدا بڵاوبووەوە، ژمارەی گەیشتە ملیۆنان کەس و تەکنەلۆژیا و کولتوورێکی پەرەپێدا کە بەخێراییەکی زۆر گۆڕا".
سەرەداوێک، نەک وەڵامی کۆتایی
سەرەڕای ئەم دۆزینەوە گرنگە، توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە تەنیا "سەرەداوێکە" نەک "وەڵامی کۆتایی" بۆ پرسیاری مانەوەی مرۆڤ تائێستا.
پسپۆڕانی دیکە، وەک بریجیت مالگرانج، زانای دەمارناسی، ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەرییە رەفتارییەکە لە مشکەکاندا "کەم" بووە و رەنگە گۆڕانکاریی بۆماوەیی دیکەش پێویست بن بۆ دەرکەوتنی کاریگەریی گەورەتر. هەروەها جەخت لە سنوورداریی بەکارهێنانی مشک وەک مۆدێلێک دەکەنەوە، چونکە ئاڵۆزیی مێشکیان لەچاو مرۆڤدا کەمترە.
ئەم توێژینەوەیە هەنگاوێکی دیکەیە لە تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە بچووکانەی کە رەنگە رێگەیان بۆ مرۆڤ خۆشکردبێت تاوەکو زاڵ بێت و بژی، لە کاتێکدا خزمه نزیکەکانی دیکەی وەکو نیاندەرتاڵەکان تووشی لەنێوچوون بوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ