سێ وڵاتی ئەورووپی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا دەکڕن

05-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەریەکە لە سوێد، دانیمارک و نەرویج بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکراینا دەکڕن. 
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، پال جۆنسۆن، وەزیری بەرگریی سوێد لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئۆکرانیا تەنیا بۆ پاراستنی خۆی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێمەش شەڕ دەکات."
 
وەزیری بەرگریی سوێد دەڵێت، "لەبەر ئەم هۆکارە، سوێد لەگەڵ دانیمارک و نەرویج رازی بوون بەشداری لەو هەنگاوەدا بکەن کە ئەمەریکا بۆ فرۆشتنی پێداویستیی بەرگری بۆ ئۆکرانیا رایگەیاندووە."
 
ئەم بەڵێنە دوای راگەیاندنی هاوکارییەکی 500 ملیۆن یۆرۆیی (577 ملیۆن دۆلار)ـی هۆڵەندا دێت بۆ یارمەتیدانی کیێڤ.
 
هاوکارییەکەی ئەورووپییەکان بۆ ئۆکراینا لە چوارچێوەی میکانزمی "لیستی پێداویستییەکانی ئۆکراینا" دەبێت کە مانگی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارک رووتەی سکرتێری گشتیی ناتۆوە راگەیێندرا.
 
حکومەتی سوێد لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هاوکارییەکە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، لەنێویاندا تەقەمەنی بۆ پاتریۆت، سیستمی دژە تانک، تەقەمەنی و پارچەی یەدەگ دەگرێتەوە".
 
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە سوێد بە بڕی 275 ملیۆن دۆلار بەشداری لە کڕینی چەک بۆ ئۆکراینا دەکات. 
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی وڵاتانی ئەورووپادا کرد. 
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکیشدا رایگەیاند: "لە سەرەتای داگیرکاریی تەواوەتی رووسیاوە، دانیمارک، نەرویج و سوێد لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا بەردەوام بوون. سوپاسی ئەو هاوپەیمانانە دەکەم بۆ هەوڵە خێراکانیان بۆ دەستپێکردنی ئەم هەنگاوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە