رووداو دیجیتاڵ
لافاوێکی خوڕ کە بووە هۆی داڕمانی زەوی، زۆربەی شارۆچکەیەکی ناوچەی هیمالایای هیندستان رادەماڵێت و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، چەند گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرانەوە کە تێیدا پێشانی دەدات شەپۆلێکی قوڕاو و لافاوێکی گەورە ژمارەیەک خانوو لە ناوچەی دارالی لە ویلایەتی ئوتاراخاندی باکووری هیندستان رادەماڵێت.
پۆشکار سینگ دامی، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ئوتاراخاند، بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، چەندین تیمی فریاگوزارییان رەوانەی ناوچەکە کردووە تاوەکو رێگری لە زیادبوونی زیانەکان بکەن.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە هیندییە، تاوەکو ئێستا لافاوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس. هۆشداریشیدا کە رەنگە ژمارەی قوربانییەکان بەرزببنەوە.
سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ئوتاراخاند، ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی ئەو لافاوەوە، داڕمانێکی گەورەی زەوی روویداوە و دواتر بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی قوڕ و لیتە و بەنێو شارۆچکەکەدا.
بەپێی ڤیدیۆ و دیمەنەکان، لافا و قوڕ و لیتەکە بەشێکی زۆری شارۆچکەکەی داپۆشیوە و لەهەندێ شوێندا، قوڕەکە گەیشتووەتە سەربانی خانووەکان.
دەستەی کەشناسیی هیندستان هۆشداریی سووری بۆ ناوچەکە دەرکردووە، ئەمەش دوای بارانێکی بەخوڕ بە رێژەی نزیکەی 21 سانتیمەتر لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ویلایەتی ئوتاراخاند باری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ