رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و وازیش لە سیاسەت دەهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، تۆبیاس بیلستۆرم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و نووسی بە هەستێکی تێکەڵاو لە "خەمباریی و شانازی" ئۆلف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێدی لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە.
بیلستۆڕمی تەمەن 50 ساڵ کە لەوەتەی حکومەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی کرسیتێرسن لە سوێد پێکهاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، باسی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی نەکردووە.
بیلستۆڕم پێش ئەوەی ببێتە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەندامی پەرلەمان بوو و دەڵێت "بەتەواوەتی واز لە سیاسەت دەهێنم، ئەوەش مانای وایە واز لە کورسییەکەشم لە پەرلەمان دەهێنم."
لەبارەی کاری داهاتووی، بیلستۆڕم دەڵێت، "تاوەکو ئیستا دیار نییە لە داهاتوودا چی دەکەم. بەڵام من ئێستا تەمەنم سەرووی 50 ساڵە و دەمەوێت لە بواری دیکەدا کار بکەم."
لەو ماوەیەی کە بیلستۆڕم وەزیری دەرەوە بوو، سوێد بەتەواوەتی لە ئەندامێتی هاوپەیمانیی ناتۆ قبووڵ کرا، ئەوەش دوای ئەوەی توانی هەریەک لە تورکیا و هەنگاریای ئەندامی ناتۆ رازی بکات.
26ـی شوباتی ئەمساڵ، بە 88 دەنگی "بەڵێ" و 6 دەنگی "نەخێر"، پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامێتیی سوێدی پەسند کرد و بەو جۆرەش هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەندامێتیی سوێد لابران و وڵاتە بە فەرمیی بووە ئەندامی هاوپەیمانیەتییە سەربازییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ