سەرۆکی شارەوانیی پاریس: ناونانی رێڕۆی پێشمەرگە دانپێدانانە بە قوربانیدانی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیی ئێمەدا

05-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
ئان هیداڵگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریسی پایتەختی فەرەنسا. وێنە: پەیجی فەرمیی بارەگای بارزانی لە فەیسبووک
ئان هیداڵگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریسی پایتەختی فەرەنسا. وێنە: پەیجی فەرمیی بارەگای بارزانی لە فەیسبووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ناونانی رێڕۆی پارکێکی گەورەی شارەکە بە ناوی پێشمەرگە، ئان هیداڵگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریسی پایتەختی فەرەنسا گوتی، پێشمەرگە بە "فەرمی چووە نێو یادەوەریی پاریسەوە."
 
سەرۆکی شارەوانیی پاریس گوتی، ناونانی رێڕۆکە "دانپێدانانە بە قوربانیدانی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیی ئێمە؛" هەروەها جەختی کردەوە کە "دۆستایەتیی نێوان پاریس و گەلی کوردستان هەرگیز کاڵ نابێتەوە."
 
ئەمڕۆ هەینی هیداڵگۆ لە رێوڕەسمی کردنەوەی رێڕۆکە لە پارکی سیترۆین قسەی کرد کە سەرۆک بارزانیش ئامادە بوو. 
 
خانمە سەرۆکشارەوانییەکە گوتی، ئەم هەنگاوە "رێزلێنانێکە لە قوربانیدانی" هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و "نیشانەی دۆستایەتیی قووڵی نێوان پاریس و گەلی کوردە."
 
لە رێوڕەسمەکەدا ئان هیداڵگۆ رایگەیاند، بڕیاری ناونانی رێڕۆکە بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس بووە.
 
هیداڵگۆ گوتی، "توانیمان ئەمە بکەین، چونکە ئێمە بەهای هاوبەش کۆمان دەکاتەوە؛ بەهای برایەتی، هەمان ئەو بەها کۆمارییانەی لە دڵسۆزیی کورد و دڵسۆزیی پێشمەرگە و دڵسۆزیی ئێوەدا، جەنابی سەرۆک، دەنگ دەدەنەوە."
 
سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکان و هاوسۆزیی نێوان هەردوو گەلی کورد و فەرەنسی کرد و سەردانی خۆی بۆ هەولێر لە ساڵی 2015دا وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، "ساڵی 2015 سەردانی هەولێرم کرد، ماوەیەکی کورت دوای ئەو هێرشانەی لێرە کرانە سەر پاریس. هەولێر لەو شەڕەدا دژی داعش لە سەنگەری پێشەوە بوو. ئێمەش لە پاریس لە جەستەی خۆماندا لە تیرۆر زیانمان بەرکەوتبوو و دەمانزانی کە زۆر زۆر دوور لە سنوورەکانی ئێمە، لەوێ شەڕە سەرەکییەکە دەکرێ. ژن و پیاوی جەنگاوەری ئازا هەبوون، ئەوان پێشمەرگە بوون."
 
سەرۆکی شارەوانیی پاریس بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداریکردن لە دەیەمین ساڵیادی هێرشەکانی 2015ی داعش بۆ سەر پاریس کە بڕیارە لە 13ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێ و گوتی، "خەباتی ئێوە بۆ ئازادی، خەباتی ئێمەشە و بێ ئێوە، ئێمە لەو دۆخەدا نەدەبووین کە ئەمڕۆ تێیداین."
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی نێوان پاریس و هەولێر، هیداڵگۆ باسی لە رێککەوتنی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان پاریس و هەولێر کرد و گوتی، یەکێک لە پڕۆژەکان بریتییە لە "نۆژەنکردنەوەی ماڵێک لە قەڵای هەولێر کە بۆ پەرەپێدانی مافەکانی ژنان تەرخان دەکرێت."
 
هەروەها گوتیشی، "ئەمڕۆ پێشمەرگە دەچێتە نێو یادەوەریی پاریسەوە. هەرکەسێک لەمەودوا بەم شەقامەدا بڕوات، دەزانێ کە پاریس لەبیری ناکات و رێز لەو کەسانە دەگرێ کە بۆ سەرکەوتنی ئازادی جەنگاون. بژی پێشمەرگە، بژی کوردستانی عێراق. بژی دۆستایەتیی کورد و فەرەنسا!"
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی شارەوانیی پاریس:
 
جەنابی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێز مەسعود بارزانی؛ بەڕێز پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو و بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم. رێگەم بدەن سڵاو لە هاوڕێی خۆم بکەم، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە پاریس، بەڕێز کەنداڵ نەزان. هەروەها خانم رۆمانیک رۆیانی بەڕێوەبەر، بێگومان دەمەوێ سڵاو لە پەرلەمانتارە ئامادەبووەکان بکەم، بەڕێز سەرۆکشارەوانیی ناوچەی 15، سوپاستان دەکەم. سوپاس، چونکە پێکەوە، هەروەک ئێوەش گوتتان، بە کۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس، توانیمان ئەو بڕیارە تێپەڕێنین کە لێرە لە ناوچەی 15ی پاریس، ناوی پێشمەرگە لەم شەقامەی پاریس لە پارکی سیترۆین بنرێ.
 
توانیمان ئەوە بکەین، چونکە ئێمە بەهای هاوبەش کۆمان دەکاتەوە؛ بەهای برایەتی، هەمان ئەو بەها کۆمارییانەی لە دڵسۆزیی کورد و دڵسۆزیی پێشمەرگە و دڵسۆزیی ئێوەدا، جەنابی سەرۆک، دەنگ دەدەنەوە. دەمەوێ لێرەوە سڵاو لە دۆستە هەمیشەییەکانمان بکەم، هەموویان لێرەن، دۆستە هەمیشەییەکانی گەلی کورد، بەڵام بێگومان بێرنارد هێنری لێڤی، بێرناردی ئازیز، سوپاس بۆ ئامادەبوونت لێرە. هەموومان بە باشی دڵسۆزیی تۆ دەزانین. هەروەها، بەڕێز وەزیر بێرنارد کوشنەر، کە ئەویش ماوەیەکی زۆرە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە، پشتگیری لە گەلی کورد کردووە و رێگەی بۆ دروستکردنی پەیوەندی خۆش کردووە. ئەمەیە، ئەمڕۆ، پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و کوردستانی عێراق.
 
بەڕاستی، زۆر سەیرە. بۆچی ئەم خۆشەویستییە هەیە؟ بۆچی ئەم دۆستایەتییە هەیە؟ چی وادەکات گەلی کورد لە دڵی فەرەنسییەکان، لە دڵی پاریسییەکاندا بێت؟ بڕوایەکی پتەوەم بەوەیە کە بەهۆی ئازایەتیی گەلی کوردەوەیە، بێگومان، لەبەر تێکۆشانی ئەم گەلەیە لەپێناو بەهاکانی. رێگەم بدەن باسی ئەوە بکەم، چونکە پێشمەرگەش بەم بیرۆکەیەوە گرێدراوە، بەهاکانی وەک یەکسانیی نێوان ژن و پیاو.
 
ئەم یەکسانییەی کە داوا دەکرێت، ئەم ئازادییە شتێکە کە لە سەرووی هەموو سنوورەکانەوە کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە و پێم وایە هەر ئەمەشە وایکردووە کە ماوەیەکی زۆرە، جەنابی سەرۆک، ئێمە باس لە رۆڵی سەرۆک و جەنەڕال دیگۆل-یش لەو کاتەدا دەکەین، بەڵام بێگومان، چۆن دەکرێ باس لە رۆڵی دانیێڵ میتێران نەکەین کە دۆست بوو و بە دڵنیاییەوە باشترین کەس بوو کە ئەو هەستی دۆستایەتییە بەهێزەی نێوان فەرەنسا و گەلی کوردستانی نیشان دا.
 
ناونانی شەقامێکی پاریس وەک رێزگرتنێک لە پێشمەرگە، لە ژن و پیاوە شەڕڤانەکانی کورد، بووەتە هەنگاوێکی مێژوویی و دانپێدانانێک بەو دۆستایەتییەی کە من پێم وایە هەرگیز کاڵ نابێتەوە، تاوەکو ئێمە ئەم تامی ئازادییە هاوبەش بکەین. من لەبیرمە، چونکە چەند جارێک سەردانی کوردستانی عێراقم کردووە.
 
هەستی خۆمم بیردێتەوە. رێگەم بدەن سەرەتا پێتان بڵێم، جەنابی سەرۆک، ساڵی 2015 سەردانی هەولێرم کرد، ماوەیەکی کورت دوای ئەو هێرشانەی لێرە کرانە سەر پاریس. هەولێر لەو شەڕەدا دژی داعش لە سەنگەری پێشەوە بوو. هێڵێکی بەرگری 5 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوور بوو. شارەکە زیانی بەرکەوتبوو، منیش ویستم بیبینم، تێبگەم و پشتگیری بکەم و سوپاسی بکەم. چونکە ئێمە زیانمان بەرکەوتبوو، ئێمە لێرە لە پاریس، لە جەستەی خۆماندا زیانمان بەرکەوتبوو. ئێوە جیلبێرت نابینن. پێویست بوو سەرەتا سڵاوم لێت بکردایتایە. سوپاس بۆ ئامادەبوونت لێرە. ئێمەش لە پاریس لە جەستەی خۆماندا لە تیرۆر زیانمان بەرکەوت و دەمانزانی کە زۆر زۆر دوور لە سنوورەکانی ئێمە، لەوێ شەڕە سەرەکییەکە دەکرا. ژن و پیاوی جەنگاوەری ئازا هەبوون، ئەوان پێشمەرگە بوون. منیش هاتمە عێراق. هاتم بۆ ئەوەی ئێوە ببینم و سەرسام بووم، سەرسام بووم چونکە ئێوە چاوەڕێی گەیشتنی من بوون، چاوەڕێی من بوون، جلی شەڕتان لەبەردا بوو و بەرەو بەرەی جەنگ دەڕۆیشتن.
 
دوای پێنج خولەک لە دیداری ئێمە، ئێوە چوونە بەرەی جەنگ. من شۆک بووم، شۆک بووم بەو ئازایەتییە، بەو پابەندبوونە، بەو پەیوەندییە بەهێزەی ئێمەی پێکەوە دەبەستەوە. بێگومان، ئەم پەیوەندییە بەردەوام قووڵتر بووەوە، لە هەموو بوارەکاندا؛ هەروەها  ئەو پەیوەندییە کەسییەی توانیم لەگەڵ گەلی کورد لێرە لە پاریس و لە رێگەی نوێنەرەکەتانەوە و ئینستیتیوتی کوردییەوە دروستی بکەم. بەڕێز مەسعود بارزانی، ئەوە یەکەم دیداری ئێمە بوو لە ساڵی 2015.
 
پاشان لە ساڵی 2019 گەڕامەوە کوردستانی عێراق، بۆ هەولێر. لەوێ، ژیان ئاسایی ببووەوە. ئێوە لەوێ شەڕێکی بنچینەییتان کرد کە رێگەی بە هەولێر دا بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێ، روو لە جیهان بکات و ببێتە بەشێک لە شەڕێک، بەڵام هەروەها ببێتە بەشێک لە جووڵە گەورەکانی جیهانیش. هەروەها لەبیرمە کە لەو کاتەدا داواتان لێکردم بە شێوەیەک کار بکەم کە شاری هەولێر بتوانێ بەشداریی هەموو ئەو گفتوگۆیە بکات سەبارەت بە جووڵە گەورەکانی جیهان، ئەو گفتوگۆیەی کە لەلایەن شارە گەورەکانی جیهانەوە لەسەر ئاستی جیهانی دەکرا. لە ساڵی 2019 پێشنیازم بۆ پارێزگاری هەولێر کرد کە وەک چاودێر بەشداریی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی شارەوانییە فرانکۆفۆنەکان بکات و چونکە زمانی فەرەنسی لە کوردستان و لە هەولێر لە گەشەکردندایە، وەک چاودێر تاوەکو بتوانن لەگەڵ ئێمە بەشداری هەموو گفتوگۆ گەورەکان بکەن. من یەکەم دیداری خۆم لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بیردێتەوە، ئەویش لە وڵاتێکی دیکە روویدا کە بۆ ئێمە ئازیزە. لە کیگالی، لە رواندا روویدا. هاوبەشکردنی ئەزموونەکانی خۆڕاگری کە دایکانی بەشداربوو هەیانبوو، پێم وایە، ئەو دیدارە، و بە بەشداریی پارێزگاری هەولێر، بووە ساتێکی بێوێنە.
 
پاشانیش لە ساڵی 2023 بەختەوەر بووم کە زۆر لەوانەمان ئەمڕۆ لێرەین، لەوێ ئامادە بووین، بێرنارد کوشنەریش لەوێ بوو، بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لە ناوچەی بارزان، ئەوەش ساتێکی زۆر باشی هاوبەشی و دۆستایەتی بوو.
 
بۆیە ئەمڕۆ شانازییەکی گەورەیە، سەرۆکی بەڕێز کە پێشوازیتان لێ دەکەین.سەربەرزم و دڵخۆشم کە ئەم شەقامی پێشمەرگەیە لە پاریس، لەم پارکە گەورەیەی سیترۆین، یادی ئەو ژن و پیاوە شەڕڤانانە بەرز رادەگرێ کە چوونە پێشوازیی مەرگ، هەروەک واتای وشەی پێشمەرگە، بۆ پاراستنی ماف و ئازادیی کورد، هەروەها مافەکانی ئێمەش. پێشمەرگە و کورد لەیەک جیا ناکرێنەوە، خەباتیش بۆ گەلی کورد هەر بەو شێوەیەیە.
 
خەباتێک بۆ خۆبەڕێوەبەری، خەباتێک بۆ ئازادی، خەباتێکی بنەڕەتی، خەباتێکی جیهانی. پێم وایە هەر ئەم جیهانیبوونەیە کە لە ناخی ئێمەدا و لەم دۆستایەتییە بەهێزەی نێوان فەرەنسا و گەلی کورددا رەنگ دەداتەوە.
 
ئێمە زۆر جار ئەم راستییەمان بینیوە. لە بیرمانە، هەمیشە لەبیرمان دەبێ، بیرمانە چۆن ئێوە ئازادیی ئێمەتان پاراست، دوای هێرشەکان و لە بەرامبەر ئەو شەڕەی لەلایەن داعشەوە بەرپا کرابوو، دەزانین کە بێ ئازایەتیی پێشمەرگە، هەڕەشەکە گەورەتر دەبوو و شەڕەکەش زۆر درێژتری دەکێشا. جەنابی سەرۆک، لە 13ی تشرینی دووەمی داهاتوودا پاریس یادی دەیەمین ساڵیادی ئەو هێرشانە دەکاتەوە کە شارەکەی خەمبار کرد و لە دڵی وڵاتەکەمانی دا. من بانگهێشتتان دەکەم، ئەمە لێرەدا بە ئاشکرا دووبارە دەکەمەوە. دەمەوێ ئێوە بانگهێشت بکرێن، لەگەڵ ئێمە، لەگەڵ پاریسییەکان ئامادە بن، بێگومان، لە رێوڕەسمێکدا کە سەرۆککۆمار ئیمانوێل ماکرۆن سەرپەرشتی بکات، چونکە خەباتی ئێوە بۆ ئازادی، خەباتی ئێمەشە و بێ ئێوە ئێمە لەم دۆخەدا نەدەبووین کە ئەمڕۆ تێیداین. ئێوە بەرامبەر داعش وەستانەوە، کە ئەوە پێویستی بە ئازایەتی بوو. ئێوە بۆ ئەوێ و ئێرە، ئەو بەهایانەتان پاراست کە بەهای ئێمەن.
 
بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە، خەباتی کورد پشتیوانییەکی چارەنووسسازیشی پێشکەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد و بەشداری لە رووخاندنی سەدام حوسێن کرد. دواتریش دانپێدانانی دەستووری بە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لەلایەن حکومەتی نوێی عێراقەوە هات؛ دانپێدانانێک کە لەو کاتەوە، پێشمەرگە بە فەرمی بووەتە هێزی چەکدار و بەرپرسیار لە پاراستنی هەرێم. خەباتێک کە، بێگومان، لە ساڵانی هەشتاکانەوە شوێنێکی زۆر دروستی بۆ ژنان دابین کردووە و تەنانەت لە پاریسیش، ئازایەتییان بەردەوام بۆ ئێمە سرووشبەخشە. ئەوان بوونە پاڵەوانی خەباتی دژی داعش. دەزانین داعش چەندە لێیان دەترسا. ئەوان نوێگەری و یەکسانییەک نیشان دەدەن کە مرۆڤ ناچار دەکەن سەرسام بێت، کە لەگەڵ بەها و دڵی ئێمەدا دەدوێ. ئەم شەقامی پێشمەرگەیەش رێگەیەکە بۆ ئەوەی بە گەرمی رێز و سوپاسی خۆمان بۆ ئەو ژن و پیاوە کوردانە دەرببڕین ئەم خەباتە بێوێنەیان بە ئازایەتییەوە، ئەم خەباتە سەختەیان بە ناوی مرۆڤایەتییەوە، بە پێدانی باجێکی قورسی شەڕ، بەجێگەیاند. بەڵام هەروەها رێگەیەکە بۆ ئەوەی بە کوردانی فەرەنسا و کوردانی پاریس بڵێین، چونکە ژمارەیان زۆرە، پاریس مێژووی ئەوان، قوربانییەکانیان، بەشدارییان لە ژیانی پایتەختەکەمان، پێ دەزانێ و دانی پێدا دەنێت.
 
هاوڕێ بەڕێزەکانم، پاریس و دانیشتووە کوردەکانیشی زیانیان بەرکەوتووە. خانمی سەرۆکشارەوانیی ناوچەی 10 کە ئێوەش سەرۆکی ناوچەیەکن کە پێی دەگوترێت "کوردستانی بچووک" لە پاریس، من کارەساتی ساڵی 2022م بیرە، ئەو تەقەکردنە کوشندەیەی لە شەقامی (ئانگین) روویدا لەبیرمە. ئەوە بە شێوەیەکی تراجیدی بیرمان دەخاتەوە کە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری، لە هیچ پەناگەیەک پارێزراو نییە، تەنانەت لێرەش لە پاریس. بەڵام، هەروەک دوای 13ی تشرینی دووەم، هەمان وەڵامدانەوە هەبوو، رەتکردنەوەی ترس، هێزی کۆمەڵگە، برایەتی و یادکردنەوە وەک وەفاداری. کۆمەڵگەی پاریس ئەو کاتە لە دەوری کۆمەڵگەی کوردی کۆبووەوە. پاریس لەم رووەوە نموونەیە. ئەم یەکگرتن و برایەتییە یەکگرتووە، موڵکی هاوبەشی ئێمەیە.
 
مێژووی کورد، مێژووی پاریسیشە. پاریس بە گەرمی دەیەوێ بەهاکانی ئەوان و بەها هاوبەشەکانی ئێمە زیندوو رابگرێ. ئەمە بە واتەی ئەوە دێت کە پێکەوە بە دروستکردنی هەلومەرجی ئاشتی، بەرەو داهاتوو دەچین، چونکە ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتنی مرۆیی دەبێت رێنموونیمان بکەن. ئەمەش بە شێوەیەکی زۆر کۆنکرێتی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی نێوان شارەکانمانەوە دەبێ، وەک باسم کرد، لەگەڵ هەولێر، هەروەک بەڕێز سەرۆکشارەوانیی ناوچەی 15 پێشتر گوتی، ئێمە رێککەوتنێکی دۆستایەتی و هاریکاریمان واژۆ کرد. ئەمە پارچە کاخەزێکی بچووک نییە، بەڵکو کارێکە بە پابەندبوونێکی زۆر بەهێزی هەردوو کۆمەڵگەکەمانەوە کە زۆر بوار دەگرێتەوە، بۆ نموونە، یەکێکیان کە بە تایبەتی لە دڵی مندا جێگەی هەیە، نۆژەنکردنەوەی ماڵێکە لە قەڵای هەولێر کە قەڵای مێژووی ئێمەشە. لەو قەڵایەی هەولێردا ماڵێکی پاریس دەبێ کە لەلایەن پاریسەوە پشتگیری دەکرێ، لەلایەن پاریسەوە نۆژەن دەکرێتەوە و بۆ پەرەپێدانی مافەکانی ژنان تەرخان دەکرێت.
 
هەروەها، بێگومان، ئێمە پشتگیریی فێربوونی زمانی فەرەنسی دەکەین کە سێیەم زمانە لە کوردستان دەخوێنرێ و بە تایبەتی لە رێگەی ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئینستیتیوتی کولتووریی فەرەنسی-ئەڵمانی لە هەولێر، کە ئەویش لە قەڵات دەبێت، دەکرێتەوە. دەمەوێ سوپاسی بەڕێز نوێنەری وەزیر و حکومەت بکەم کە لێرە ئامادەن. لە کۆتاییدا شانازی دەکەین کە زیاتر لە 40 ساڵە میوانداریی ئینستیتیوتی کوردی دەکەین؛ ئەو شوێنە بێوێنەیەی بڵاوکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردی لە پاریس. کەنداڵ نەزانی ئازیز کە سەرۆکیەتی، سوپاسی دەکەم؛ دەمەوێت سڵاوت لێ بکەم. بێگومان ئەم بەیانییە و هەموو دۆستانی ئینستیتیوت، کەسێکمان بیردێتەوە، جۆیس بلاو، ئەو کۆڵەکەیەی ئینستیتیوت، ئەو توێژەرە زمانناسییە نایابەی کە ژیانی خۆی بۆ زمان و ئەدەبی کوردی تەرخان کرد. ئێمە لە ساڵی 2024 لەگەڵی بووین لە کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لە ناوچەی بارزان و ئەو نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەنێوماندا نەما و کۆچی دوایی کرد، بەڵام لێرە لەگەڵمانە و دەمەوێ بڵێم کە پاریس چەندین جار پەناگەیەک بووە بۆ کۆچبەرانی کورد، کە توانیویەتی میوانداری و پارێزگاری لەو کەسانە بکات لە ستەم هەڵاتوون، ئەمەش شانازیی پایتەختەکەمانە، کە ببێتە خاکی ئازادی و وەفادار بێ بۆ مێژووی خۆی و بۆ بەها جیهانییەکانی.
 
بۆیە ئەمڕۆ، پێشمەرگە دەچێتە نێو یادەوەریی پاریسەوە، ناوی ئێستا لەسەر ئەم شەقامە ئارامە نەخشێنراوە، لەو شوێنەی کە خێزانەکان یەکدی دەبینن. ئەم ناوە دیاریی رێزگرتن، دانپێدانان و وەفاداریی پاریسە. پێشمەرگە لەمەودوا لەسەر نەخشەی پاریس دەنووسرێ، لە بەرامبەر ئەم دیمەنە ناوازەیەی سەر رووباری سەین، سیمبولی ئاسۆیەکی هاوبەش کە ئێمەی کۆکردووەتەوە.
 
هەرکەسێک لەمەودوا بەم شەقامەدا بڕوات، دەزانێ کە پاریس لەبیری ناکات، کە پاریس رێز لەو کەسانە دەگرێ کە بۆ سەرکەوتنی ئازادی جەنگاون. لە کۆتاییدا دەمەوێت جارێکی دیکە گەرمترین سوپاسی خۆم ئاراستەی ئێوە بکەم، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئامادەبوونتان ئەمڕۆ لە نێوماندا، پاریس سەربەرز دەکات و ئەو پەیوەندییەی رێز و دۆستایەتی بیردەهێنێتەوە کە پایتەختەکەمان بە گەلی کورد و سەرکردەکانیانەوە دەبەستێتەوە. سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ بەشداریکردنتان. بژی پێشمەرگە، بژی کوردستانی عێراق. بژی دۆستایەتیی کورد و فەرەنسا!
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا