رووداو دیجیتاڵ
دوای کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس؛ ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، "لەمەودوا رێڕۆی پێشمەرگە لە پاریس دەبێت؛ فەرەنسا دانپێدانانی هەمیشەیی خۆی بە برا کوردە هاوسەنگەرەکانی دژی داعش دووپات دەکاتەوە."
رۆژی هەینی 05-09-2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و فلیپ گۆژۆ، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 15ی شارەکە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، رێڕۆی پێشمەرگە وەک ''رێزلێنانێک لە خەباتی جەنگاوەرانی کورد'' لە پارکێکی پاریس کرایەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە، لەو بارەوە وەزیرەکەی فەرەنسا نووسیویەتی، "لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرکردە مێژووییەکەیان، باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا، عێراق و کوردستانمان کرد."
شارەوانیی پاریس شەوی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس "وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرانی کورد، رێڕۆی پێشمەرگە دەکەینەوە."
شاری پاریس پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. ساڵی 2019، سەرۆکشارەوانیی پاریس سەردانی هەولێری کرد و پەیمانی دۆستایەتیی لەنێوان دوو شارەکەدا واژۆ کرا.
پاریس و هەولێر بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بە دەستەخوشک راگەیێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ