رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا 10 فڕۆکەی جەنگیی F-35 دەنێرێتە پیۆرتۆ ریکۆ، ئەوەش وەکو بەشێک لە جەنگەکەی دژی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان.
ئەو فڕۆکانە دەچنە پاڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، کە پێشتر لە باشووری کاریبی جێگیر کراون، لە کاتێکدا ترەمپ گوشارەکانی لەسەر نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا زیاد دەکات کە ئەمریکا بە سەرکردایەتیکردنی باندی مادە هۆشبەرەکان تۆمەتباری دەکات.
دوای ئەوەی پێنتاگۆن رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دوو فڕۆکەی سەربازیی ڤەنزوێلا لەنزیک کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان فڕیون، ئەوەش وەکو هەنگاوێکی "زۆر دنەدەرانە" ناوبرا و ناکۆکییەکانی زیاتر کردن.
هێزەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە کەشتییەکی گوماناویی مادە هۆشبەرەکانیان لە کاریبی تەقاندەوە. ترەمپ گوتی سەر بە رێکخراوی تاوانکاری ترێن دی ئاراگوای ڤەنزوێلایی بووە و ئەویشی بە مادورۆوە گرێدا، لە ئەنجامدا 11 کەس کوژران.
سەرچاوە ئەمریکییەکان بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەیان رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی F-35 لە فڕۆکەخانەیەک لە پیۆرتۆ ریکۆ، کە دوورگەیەکی کاریبی سەر بە ئەمریکایە و زیاتر لە سێ ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە، جێگیر دەکرێن.
مادورۆ زیادبوونی هێزی سەربازی ئەمریکای وەک "گەورەترین هەڕەشە کە کیشوەرەکەمان لە 100 ساڵی رابردوودا بینیویەتی" سەرکۆنە کرد.
سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ "خەباتی چەکداری لە بەرگری خاک و نیشتمان" ئامادەیە و سوپای ڤەنزوێلای ئامادەکردووە کە ژمارەیان نزیکەی 340,000 کەسە، و هێزی یەدەگیش، کە بانگەشە دەکات لە هەشت ملیۆن تێدەپەڕێ.
مادورۆ رایگەیاند: "ئەگەر ڤەنزوێلا هێرشی بکرێتە سەر، دەستبەجێ دەکەوێتە نێو قۆناخێکی خەباتی چەکداری."
هێرشی کوشندەی رۆژی سێشەممەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکە، زیادبوونێکی گەورەی گرژییەکان بوو.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ڤەنزوێلا زۆر خراپ بووە، چ لە رووی مادە هۆشبەرەوە بێت و چ لە ناردنی هەندێک لە خراپترین تاوانکاران بۆ وڵاتەکەمان."
بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا ئەم هەفتەیە رایگەیاند، ئێستا هەشت کەشتیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە هەوڵەکانی دژە مادە هۆشبەرەکان لە ئەمریکای لاتین بەشدارن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی "رژێمی مادورۆ" رۆژی پێنجشەممە لە نزیک کەشتییەکی ئەمریکا فڕیون.
ڤەنزوێلا 15 فڕۆکەی جەنگی F-16ی هەیە کە لە 1980کاندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕیویەتی، لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی دروستکراوی رووسیا و هێلیکۆپتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ