داتای 50 ساڵ لەمەوبەر نهێنییەکی گەورەی هەسارەی ڤینۆسی ئاشکرا کرد: هەورەکانی پڕن لە ئاو!

05-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەم دواییانەدا، زانایان سەیری داتایەکی زۆر کۆنیان کردووەتەوە، کە 50 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئاژانسی ناساوە لەسەر هەسارەی ڤینۆس (زوهرە) کۆکرابووەوە و دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەریان راگەیاند.
 
پێشتر وا دەزانرا کە هەورەکانی ڤینۆس زۆربەی لە ترشێکی زۆر بەهێز بەناوی ترشی سولفوریک پێکدێن، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە دەریخستووە کە هەورەکان بەشێکی زۆریان لە ئاو پێکهاتوون.
 
ڤینۆس بە کوردی بە ئەستێرەی بەرەبەیان یان ناهی دەناسرێت.
 
بابەتەکە چۆنە؟
 
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، ناسا کەشتییەکی ئاسمانیی بەناوی پایەنییەر (Pioneer) نارد بۆ ڤینۆس. کاتێک کەشتییەکە بەنێو هەورەکاندا دەڕۆیشتە خوارەوە، ئامێرەکانی تووشی کێشەیەک بوون و پەکیان کەوت. لەو کاتەدا وا زانرا ئامێرەکان تێکچوون، بەڵام ئێستا زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری گیرانەکە ئەوە بووە کە تەنۆلکە شلەکانی هەورەکە چوونەتە نێو ئامێرەکانەوە.
 
زانایان بە شیکردنەوەی ئەو پارچانەی کە لەنێو ئامێرەکەدا تێکچووبوون، بۆیان دەرکەوت کە:
 
• نزیکەی 62%ی هەورەکان لە ئاو پێکهاتوون! بەڵام ئەم ئاوە وەک ئاوی سەر زەوی نییە، کە بە شێوەی دڵۆپ بێت، بەڵکو لەگەڵ ماددەی دیکەی وەک خوێ و کانزاکاندا تێکەڵ بووە.
 
• هێشتا ترشی تێدایە، بەڵام رێژەکەی زۆر کەمترە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە.
 
• بڕێک ئاسنیشیان دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت لە تەپوتۆزی بۆشایی ئاسمانەوە هاتبێتە نێو هەورەکانەوە.
 
ئەم دۆزینەوەیە بۆچی گرنگە؟
 
یەکێک لە پرسیارە گەورەکان ئەوەیە، ئایا ژیان دەتوانێت لەسەر هەسارەیەکی دیکە هەبێت؟ زانایان هەمیشە گومانیان هەبووە کە لەوانەیە لەنێو هەورەکانی ڤینۆسدا جۆرێک لە زیندەوەری زۆر بچووکی وەک بەکتریا و میکرۆب هەبێت، چونکە پلەی گەرما و پەستانی هەورەکانی لە هەندێک شوێنی زەوی دەچێت.
 
گەورەترین کێشە ئەوە بوو کە دەیانگوت ئاو لەوێ زۆر کەمە. بەڵام ئێستا کە دەرکەوتووە بڕێکی زۆر ئاو هەیە، ئەمە دەرگایەکی نوێ بەڕووی ئەو ئەگەرەدا دەکاتەوە و گفتوگۆکە گەرمتر دەکات.
 
ئەمە دەریشدەخات کە هەندێک جار داتا و زانیارییە زۆر کۆنەکانیش دەتوانن نهێنیی گەورە ئاشکرا بکەن، ئەگەر بە شێوازێکی نوێ سەیریان بکەینەوە.
 
ڤینۆس و تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی:
 
• دووەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە؛ دەکەوێتە نێوان عەتارد و زەوی.
 
• بە جمکە "شەڕانگێز"ەکەی زەوی دادەنرێت. بە قەبارە لە زەوییەوە نزیکە بەڵام بەهۆی پەستان و گەرمای بەرز، کەشەکەی کوشندەیە و بەکەڵکی ژیان نایەت. 
 
• لەوێ ترشە باران دەبارێت؛ پێش ئەوەی بەر خاکی ڤینۆس بکەوێت، دەبێتە هەڵم. 
 
• ئاراستەی خوولانەوەی ڤینۆس بە دەوری تەوەرەکەیدا، پێچەوانەی زۆربەی هەسارەکانی دیکەیە. واتە ئەگەر لە ڤینۆس بیت، خۆر لە رۆژئاواوە هەڵدێت و لە رۆژهەڵاتەوە ئاوا دەبێت. 
 
• رۆژێکی لە ساڵێکی درێژترە؛ یەک رۆژی ڤینۆس، 243 رۆژی ئێمەیە. واتە بەو ماوەیە یەک خوول بە دەوری خۆیدا تەواو دەکات. بەڵام تەنیا 225 رۆژی پێویستە تا سووڕانەوە بە دەوری خۆردا تەواو دەکات. واتە یەک رۆژی، لە ساڵێکی درێژترە. 
 
• گەرمترین هەسارەیە؛ ئەگەرچی عەتارد (بەکوردی زاوە) لە خۆر نزیکترە، ڤینۆس گەرمترین هەسارەی کۆمەڵەکەیە، ئەوەش بەهۆی بەرگەهەواکەی کە پڕە لە گازی چڕی گەرمکەر و تێکڕای پلەی گەرماکەی دەگاتە 456 پلەی سیلیزی.
 
• ڤینۆس یەکەم هەسارە بوو لە دوای زەوی کە مرۆڤ بتوانێت کەشتیی ئاسمانیی لەسەر بنیشێنێتەوە. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو، یەکێتیی سۆڤیەت توانی کەشتییەک بە ناوی ڤێنێرا رەوانەی هەسارەکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا