رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشێکی رووسیا بۆسەر زاپۆریژیا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک، هاوکات پۆڵەندا دەڵێت، فڕۆکەی جەنگیی هەستاندووە بۆئەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەر هێرشێکی رووسیا بپارێزێت.
ئیڤان فیۆدۆرۆڤ، سەرۆکی هەرێمی زاپۆریژیا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، "هێرشێکی فرەئامرازی" رووسیا ژنێکی کوشتووە و 9 کەسی دیکەشی بریندار کردووە.
فیۆدۆرۆڤ گوتی، کچێکی تەمەن 16 ساڵان لەنێو بریندارەکاندایە و لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە "هاوکاریی پێویستی" پێشکێش دەکرێت.
بەرپرسەکە چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە وا دەردەکەوێت لە شوێنی هێرشەکە گیرابن و تێیدا دەردەکەوێت باڵەخانەیەک بەشێکی وێرانبووە و ئۆتۆمبێلێک سووتاوە.
لە کاژێر 04:09ی بەیانییەوە (هەمان کاتی هەولێر) ئاگاداریی هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئۆکراینا راگەیێندرا.
هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، جووڵەیان بە چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەر کردووە و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان خستووەتە باری ئامادەییەوە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نزیکن لە ئۆکراینا.
سەرۆکی شارەوانیی لڤیڤ، کە شارێکی رۆژئاوای ئۆکراینایە لە نزیک سنووری پۆڵەندا، رایگەیاند، بەهۆی "هێرشێکی بەرفراوانی دوژمن"ـەوە هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی لەکارکەوتوون.
سەرۆکی شارەوانیی ئیڤانۆ-فرانکیڤسک، شارێکی دیکەی رۆژئاوایە، گوتی، رۆژی یەکشەممە گواستنەوەی گشتی "درەنگتر لە کاتی ئاسایی دەست بەکار دەکات."
هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە.
فیۆدۆرۆڤ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردووی رووسیا بووەتە هۆی ئەوەی "زیاتر لە 73 هەزار هاوبەش بێ کارەبا بن" لە زاپۆریژیا. سەرۆکی شارەوانیی لڤیڤیش گوتی، بەشێک لە شارەکە کارەبای نییە.
هەفتەی رابردوو، مۆسکۆ گەورەترین هێرشی لە مێژووی خۆیدا کردە سەر ژێرخانی گازی ئۆکراینا، لە کاتێکدا هێرشەکانی رۆژی شەممەش کارەبای نزیکەی 50 هەزار ماڵیان لە هەرێمی چێرنیهێڤی باکوور بڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ