رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێیوایە بیرۆکەیەکی باشە رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەنێوان واشنتن و مۆسکۆدا بهێڵێتەوە، دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی، پێشنیازی درێژکردنەوەی کرد بۆ ماوەی یەک ساڵ.
رۆژی یەکشەممە 05-10-2025، کاتێک رۆژنامەڤانێک لە کۆشکی سپی پرسیاری لەبارەی پێشنیازەکەی پووتینەوە کرد بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی "نیو ستارت" [دەستپێکی تازە] ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "پێموابێت بیرۆکەیەکی باشە." ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا چوار مانگ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکە لە 5ـی شوباتی 2026.
رێککەوتنی "نیو ستارت" کە لە ساڵی 2010 واژۆ کراوە، ژمارەی چەکە ئەتۆمییە جێگیرکراوەکانی هەردوو وڵات سنووردار دەکات. بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوو لا دەتوانن تاوەکو 1,550 کڵاوەی ئەتۆمیی جێگیرکراو و 800 مووشەکهاوێژی بالیستیی جێگیرکراو و ناجێگیرکراو و بۆمبهاوێژی قورسیان هەبێت.
رێککەوتنەکە هەروەها سیستمێکی پشتڕاستکردنەوەی دوولایەنەی لەخۆگرتووە، بەڵام پشکنینەکان دوو ساڵ لەمەوبەرەوە راگیراون، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ بەشداریکردنی خۆی لە رێککەوتنەکەدا هەڵپەسارد.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، ترەمپ خواستی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین لەسەر چەکداماڵینی ئەتۆمی دەربڕیبوو. هەروەها داوای لە پێنتاگۆن کردبوو سیستمێکی بەرگریی مووشەکیی گەورە و بەرفراوان پەرەپێبدات کە بە "گومەزی زێڕین" ناسراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ