رووداو - یۆنان
چەند رۆژێک پێش ئێستا بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان تورکیا و یۆنان نقوومبوو و تاوەکو ئێستا بەشێکیان بێسەروشوێنن. بەرەو دوورگەی مادیلی دەچین، ئەو شوێنەی کە بەلەمی کۆچبەرانی تێدا ژێر ئاو کەوت.
ئەمڕۆ دەریا کەمێک ئارامترە، بەڵام سەرەڕای ئارامیی دەریا، هێشتا شەپۆلەکان مەترێک بۆ مەتر و نیو بەرزدەبنەوە. کاپتنی بەلەمەکە بە شارەزایی و وریاییەکی زۆرەوە بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات کە 9 کۆچبەر بە زیندوویی دۆزرانەوە. کۆچبەرەکان دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان خۆیان گەیاندبووە دوورگەی مادیلی.
هێشتا گەڕان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی شەپۆلەکانەوە، ئەو کۆچبەرانەی کە نەدۆزراونەتەوە، شەپۆلی ئاو لە ناوچەکە دووری خستوونەتەوە، لەبەرئەوەش ئێستا ناوچەی گەڕان زۆر فراوانتر کراوە.
پۆلیس و هێزی دەریایی لەسەر دەریا و ژێر دەریاکە، بە دوای کۆچبەراندا دەگەڕێن، لەگەڵ دیکێڵاس، دەچینە ژێر ئاو بۆ ئەو شوێنەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر شوێنی گەڕان بوو بە دوای کۆچبەراندا.
با شەپۆلی دەریا دروست دەکات، ئەمڕۆ بەپێی پێوانەی بیوفۆرت، تەنیا نزیکەی چوار یەکەی بیۆفۆرت هەوا هەیە، بەڵام لە شەوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەراندا، بەهێزیی با نزیکەی هەشت یەکەی بیۆفۆرت بوو، لەبەرئەوە ئەو شەپۆلانەی کە بەلەمی کۆچبەرەکانی ژێرئاو خستووە لە نێوان چوار بۆ هەشت مەتر بەرزبوون.
خەرەند و چاڵی گەورە و تاریک، لە قووڵایی دەریاکە هەن، لە هەندێک بەشی ژێر دەریاکە، هەست بە شەپۆلی بەهێز و ساردی ئاوەکە دەکرێت.
لەبەرئەوەی کە کۆچبەرەکان، چاکەتی سەرئاوکەوتنیان لەبەردا نەبووە، هەندێکیان رەنگە تائێستاش لەژێر دەریاکەدا مابنەوە.
ئەوانەی کە بەلەمەکان لێدەخوڕن شارەزای ناوچەکە نین، کە بە شەویش بەلەمەکانیان لێ دەخوڕن لە دوورەوە شەپۆلەکان نابینن تا خۆیانی بۆ ئامادە بکەن و چەند سەت کیلۆمەترێک بەو شێوەیە و بەبێ هیچ رێوشوێنێکی سەلامەتی کۆچبەران رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە
ئەو ناوچەیە لە نزیک دوورگەی کاریستۆ بە هەوای زۆر و شەپۆلی تووند و خراپی کەشوهەوا لای یۆنانییەکان ناسراوە.
هێزی پاسەوانی دەریایی یۆنان بە رووداویان راگەیاند، گەڕانەکانیان بەردەوام دەبن و، ئەمڕۆ سێ تەرمی دیکەیان دۆزیوەتەوە، بەلام لەمەودوا گەڕانەکان رادەستی پۆلیسی یۆنان دەکەن.
پێشتر لە رێگەی هێلیکۆپتەر و کامێرای گەرمبینەوە بەدوای کۆچبەراندا دەگەڕان، بەڵام گەڕانی هێلیکۆپتەرەکان کۆتاییهاتووە و دەسەڵاتدارانی یۆنان پێیان وانییە، گەرمییەکی لەو شێوەیە لە لەشی کۆچبەرەکاندا مابێت کە کامێرای گەرمبین بیاندۆزێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ