پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەڵمانیا بۆ رووداو: وەزیری پێشوو دوو ساڵ رێگر بوو گرووپی کورد دابمەزرێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
گفتوگۆی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ قاسم تاهیر
گفتوگۆی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ قاسم تاهیر
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو - بەرلین

قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) ئاشکرای دەکات، دامەزراندنی گرووپی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمان، رووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە و ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی پێشوو رێگری لێکردووە.
 
قاسم تاهیر، کە خەڵکی زاخۆیە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە رووی لە ئەڵمانیا کردووە، بۆ جاری دووەم لەسەر لیستی پارتی سەوز بووەتەوە پەرلەمانتار. ئەو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا لە بەرنامەی "دیاسپۆرا"، باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد کە هاتوونەتە بەردەمیان.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەنالینا بێربۆک، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، دوو ساڵ رێگەی نەدا ئەو گرووپە دابمەزرێت؛ بیانووەکەشی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بوو و نەیاندەویست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا تووشی کێشە ببێت."
 
چوونی 7 کورد بۆ پەرلەمان
 
یەکێک لە دەستکەوتەکانی کورد لە ساڵی 2025 لە دیاسپۆرا، چوونی 7 پەرلەمانتاری کورد بوو بۆ پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا. ئێستا بە دەستپێشخەریی قاسم تاهیر، گرووپێکی دۆستایەتیی کورد لەو پەرلەمانە هەیە کە ئامانجی "بەهێزکردنی دەنگی کوردانی ئەڵمانیا و گەیاندنی داواکارییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانە."
 
قاسم تاهیر، ژمارەی کوردانی ئەڵمانیای بە 3 بۆ 4 ملیۆن کەس خەمڵاند و باسی لەوە کرد کە کوردانی بەرلین بەهێز و چالاکن.
 
رۆڵیان لە بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەکان
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چی بۆ کورد کردووە کە پێی سەربڵند بێت، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، رۆڵیان هەبووە لەوەی ساڵی 2023 کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وەک "جینۆساید" بناسێنرێت و ئەوەشی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" بۆ هەموو کورد وەسف کرد.
 
خەون بە پۆستی وەزیرەوە دەبینێت
 
قاسم تاهیر ساڵح، کە یاریزانی هێڵی هێرشبەری تیپی تۆپی پێی پەرلەمانی ئەڵمانیایە و جامی پەرلەمانی ئەورووپاشیان بەدەستهێناوە، خەونی گەورەتری هەیە. ئەو دەڵێت ئەگەر پارتی سەوز بچێتە حکومەت، دەیەوێت ببێتە وەزیر، کە لەو کاتەدا دەبێتە یەکەم کورد ئەو پۆستە لە مێژووی ئەڵمانیادا وەربگرێت.
 
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی کوردستانیش، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە لە لیژنەی ئابووری و وزەی پەرلەمان، باسی کێشەی ئاو لەگەڵ تورکیا، بەنداوەکان و گۆڕانی کەشوهەوای لە کوردستان کردووە. هەروەها ستایشی دەستکەوتەکانی یانەی زاخۆشی کرد و وەک "دەستکەوتێکی مێژوویی" ناوی برد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە