رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەورووپا بەنیازین لە ساڵی 2026ـەوە سیستمی سۆسیال و یارمەتیی بێکاری بگۆڕن و لە زۆر وڵات رێکارەکان تووند دەکرێن. ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و بەلجیکا لە پێشەنگی ئەو گۆڕانکارییانەدان.
لە ئەڵمانیا، سیستمی سۆسیال بەتەواوی دەگۆڕدرێت. بێربل باس، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا دەستی بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییە نوێیەکان کردووە. بەپێی یاسا نوێیەکان، لەمەودوا هەر کەسێک کارێکی بۆ بدۆزرێتەوە و رەتی بکاتەوە، لە هەنگاوی یەکەمدا 30%ـی هاوکارییەکەی دەبڕدرێت و ئەگەر بەردەوام بێت لە رەتکردنەوە، هەموو هاوکارییەکانی دەبڕدرێت.
هەروەها چاودێریی تووندتر دەخرێتە سەر "کاری رەش" و تیمەکان سەردانی ماڵان دەکەن بۆ پشکنین.
لە فینلاند و بەریتانیا، جۆرەکانی هاوکاریی دەوڵەت بۆ بێکاران دەگۆڕدرێن و سیستمی یارمەتیدان یەکدەخرێت. ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە بە یاسای دیکە (نەک سۆسیال) مووچەی بێکاری وەردەگرن.
وڵاتانی ئەورووپا بەنیازین لە ساڵی 2026ـەوە سیستمی سۆسیال و یارمەتیی بێکاری بگۆڕن و لە زۆر وڵات رێکارەکان تووند دەکرێن pic.twitter.com/RjVfdnlNpt
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 26, 2025
لە بەلجیکا یاساکان تووندتر دەکرێن؛ چیتر کەسێک ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ پشت بە سۆسیال ببەستێت. دوای 24 مانگ، کەسەکە دەبێت بیسەلمێنێت کە هەوڵی دۆزینەوەی کاری داوە و نەیتوانیوە، ئەگەرنا سۆسیالەکەی دەبڕدرێت. ئەم بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 55 ساڵە یان زیاتر لە 35 ساڵ کاریان کردووە.
لە فەرەنسا گۆڕانکاری لە یاسای پشووی نەخۆشیدا دەکرێت؛ لەمەودوا پزیشک بۆی نییە لە 15 رۆژ زیاتر پشوو بۆ نەخۆش بنووسێت کە خاوەنکار ناچار بێت مووچەکەی بدات.
بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتان، لە هۆڵەندا گۆڕانکارییەکان بۆ کرێنشینان ئەرێنین. لە ساڵی 2026دا مەرجەکانی وەرگرتنی یارمەتیی کرێی خانوو (Huurtoeslag) ئاسان دەکرێن. چیتر گرنگ نییە کرێی خانووەکە چەندە بەرزە و دەکرێت داوای یارمەتی بکرێت، بەڵام بە سێ مەرج:
- دەبێت کەسەکە خۆی 200 یۆرۆی سەرەتای کرێکە بدات.
- زۆرترین بڕی یارمەتی کە دەدرێت 932 یۆرۆیە.
- نابێت داهاتی ساڵانەی یەک کەس لە 70 هەزار یۆرۆ و دوو کەس لە 93 هەزار یۆرۆ زیاتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ