رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کەشناسیی تایوان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7 پلە لە کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی تایوانی داوە؛ تاوەکو ئێستاش هیچ راپۆرتێک لەبارەی زیانی گیانی یان مادی نییە.
بەگوێرەی فەرمانگەی ناوەندیی کەشناسیی تایوان، بوومەلەرزەکە کاژێر 11:05ی شەو بەکاتی ناوخۆ، 6:05ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، لە قووڵایی 73 کیلۆمەتر لە نێو دەریا و لە نزیک هەرێمی ییلان روویداوە.
دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 6.6 پلە دیاری کرد.
ئەمە دووەم بوومەلەرزەی بەهێزە لە ماوەی چەند رۆژێکدا لە دوورگەکە بدات.
میدیا خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی لەرینەوەی باڵەخانەکان لە تایپێی پایتەخت و لە سەرانسەری تایوان هەستی پێکراوە.
تایوان دەکەوێتە سەر لێواری دوو پلێتی تەکتۆنی لە نزیک "بازنەی ئاگریی" زەریای هێمن و زوو زوو تووشی بوومەلەرزە دەبێت. USGS ئەو ناوچەیە بە چالاکترین ناوچەی بوومەلەرزە لە جیهاندا دادەنێت.
رۆژی چوارشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلە لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەکەی دابوو.
لە نیسانی 2024ـیشدا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 17 کەس، هەرەسهێنانی زەوی و گەیاندنی زیانێکی زۆر بە باڵەخانەکانی دەوروبەری شاری هوالین.
بەرپرسان لەو کاتەدا رایانگەیاند، ئەوە بەهێزترین بوومەلەرزە بوو لە ماوەی 25 ساڵدا لە تایوانی دابێت. هەروەها بە مەترسیدارترین بوومەلەرزە لە تایوان دادەنرا لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999 کە گوڕەکەی 7.6 پلە بوو و بە کوشندەترین کارەساتی سرووشتی لە مێژووی دوورگەکە دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ