رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند، "لەنێو گەردەلوولی شەڕ و ئاوارەیی و تووندڕۆییدا، کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای پەناگەدا دەگەڕان، مایەوە." ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پاراستنی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە کرد.
کۆنفرانسەکە لەسەر بانگهێشتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا و دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئامادەبوون.
لە سەرەتای قسەکانیدا ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان خۆی وەک "کوڕی میزۆپۆتامیا" و نوێنەری "گەلێک کە باوەڕی لەبری ترس، هەروەها پێکەوەژیانی لەبری ململانێ هەڵبژاردووە" ناساند. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بووەتە "نموونەیەکی ناوازەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست،" سەرەڕای جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان، هێرشی رێکخراوی داعش و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن چەندین نموونەی کرداریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریکردنی پێکهاتەی کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە خستەڕوو، لەوانە:
پەروەردە: پشتگیریکردنی زیاتر لە 50 قوتابخانە کە تێیاندا وانەکان بە زمانی سریانی دەگوترێتەوە و نزیکەی 7,000 قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن، بۆ ئەوەی "زمانی مەسیح بە زیندوویی بمێنێتەوە."
پشتیوانیی نیشتەجێبوون: وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گەنجانی "بەیت حەدیاب" لە عەنکاوە کرد کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران دەستی پێکراوە و تێیدا دەیان خێزانی گەنجی کریستیان یەکەی نیشتەجێبوون بە نرخی گونجاو وەردەگرن.
خوێندنی باڵا: وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو زانکۆیانەی کریستیانەکان بەڕێوەیان دەبەن، وەک زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر دانپێدانان و پشتگیریی حکومەتیان هەیە، کە هانی گەشەی فیکری و رۆحی دەدەن.
رەتکردنەوەی یاساکان: وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لە رەتکردنەوەی هەموو ئەو یاسایانە کرد کە لە بەغداوە دەرچوون و دژی کریستیان و کوردانی ئێزدین.
ئازادیی ئایینی: وەزیرەکەی کوردستان باسی لە تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی چەندین کەنیسە، لەگەڵ دامەزراندنی پەیمانگایەکی ئیسلامیی ئەزهەر لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە لە چوار رۆژدا وەک بەڵگەی "ئاهەنگگێڕان بۆ هەموو ئایینەکان" کرد.
پاراستنی کەلەپوور: وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لە پشتگیریی راستەوخۆی حکومەت بۆ مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سریانی کرد.
بەرنامەکانی دامەزراندن و بزنسی بچووک: ئانۆ جەوهەر باسی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکێشکردنی قەرزی بچووک و دەستپێشخەریی بزنسی بچووک بۆ گەنجان و خاوەنکاران، بۆ هاندانیان تاوەکو بمێننەوە، وەبەرهێنان بکەن و پێشبکەون.
ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سەرۆک بارزانی جارێکیان فەرمووی: ئەگەر یەک پێکهاتەی کوردستان هەست بە ناسەلامەتی بکات، ئەوا هەموو کوردستان ناسەلامەتە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئانۆ جەوهەر باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم کریستیانەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا کرد و گوتی: "زۆرێک لە شارۆچکە مەسیحییەکانمان لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیا چەکدارە بریکارەکاندان، دانیشتووان دەترسێنن و تەنانەت کورسییەکانی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقدا کۆنترۆڵ دەکەن."
ئانۆ جەوهەر داوای لە پەرلەمانی ئەورووپا کرد "شانبەشانی کوردستان بوەستن، نەوەک تەنیا بە راگەیێندراو، بەڵکو بە هاوبەشی و پشتیوانیی ڕاستەوخۆ" بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و رێگریکردن لە کۆچی گەنجان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ