پووتین لە هیندستانەوە: بە شەڕ بێت یان ئاشتی، رووسیا دۆنباس دەگرێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا جارێکی دیکە هۆشداریدا بەوەی دەبێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بکشێنەوە، ئەگەرنا رووسیا دەستی بەسەردا دەگرێت و هەر سازشێکیش لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رەتدەکاتەوە.
 
سەرۆکی رووسیا، لەمیانی سەردانەکەی بۆ هیندستان و لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانان سەبارەت بە ستراتیژیەتی وڵاتەکەی لە جەنگی ئۆکراینا دا گوتی، "یان ئێمە ئەم ناوچانە بە هێز ئازاد دەکەین، یانیش دەبێت هێزەکانی ئۆکرانیا لەو ناوچانە بکشێنەوە." 
 
ئێستا مۆسکۆ کۆنترۆڵی نزیکەی 85٪ـی ناوچەی دۆنباسی کردووە.
 
لەدوای ئەو هەڕەشە نوێیەی پووتین، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەستبەرداربوونی ئەو ناوچە ستراتیژیەی وڵاتەکەی رەتکردەوە. 
 
ئەم لێدوانەی پووتین دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەندامانی ئیدارەکەی راسپاردووە بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی ئەمریکا و لەو باوەڕەشدایە سەرۆکی رووسیا ویستی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵ و نیوییەکە.
 
ستیڤ ویتکۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی ئاشتی لە ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەفتەی رابردوو لە مۆسکۆ بوو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو لە ویلایەتی فلۆریدا لەگەڵ تیمی ئۆکراینا کۆببێتەوە.
 
ترەمپ رایگەیاند: گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممە لە کرێملین "تا رادەیەکی باش ئەرێنی بوون"، بەڵام گوتیشی، "هێشتا زووە بڵێین چی روودەدات."
 
پلانی ئاشتیی ئەمریکا پێشنیازی رادەستکردنی ئەو ناوچانەی دۆنباس بە رووسیا دەکات کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینادان. بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ویتکۆف کۆپی پلانە هەموارکراوەکەی لە مۆسکۆ پێشکێش بە رووسییەکان کردووە، بەڵام پووتین لە درێژەی قسەکانیدا، رایگەیاند، ئەو پلانە نوێ و هەموارکراوەی نەبینیوە.
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی "پێویست بوو هەموو خاڵێک بخوێنینەوە، بۆیە ئەوەندە زۆری خایاند. ئێمە لەگەڵ بەشێک لە پلانەکەی ئەمریکا نین. هەندێک جار گوتوومانە بەڵێ و رامانگەیاندووە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەندێک خاڵ بکەین، بەڵام راشمانگەیاندووە کە ناتوانین لەسەر هەندێک خاڵ رازی بین."
 
پووتین لە قسەکانیدا وردەکاریی خاڵە ناکۆکەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، بەلایەنی کەمەوە دوو خاڵی گرنگی ناکۆکی ماونەتەوە کە بریتین لە چارەنووسی ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ گەرەنتی پاراستنی ئەمنی بۆ ئۆکراینا.
 
لەبارەی دانوستاندنەکانەوە، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی پووتین و دانوستانکاری سەرەکی رایگەیاند، "هیچ سازشێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نەکراوە."
 
ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا پێگەی رووسیا لە دانوستاندنەکاندا بەهێزتر بووە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی مۆسکۆ لە بەرەکانی جەنگدا.
 
ئۆکراینا بەردەوام رووسیا تۆمەتبار دەکات بە دواخستنی هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست و دەڵێت مۆسکۆ دەیەوێت دەست بەسەر خاکی زیاتری ئۆکرانیادا بگرێت.
 
ئاندری سیبیا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ رووسیا گوتی، "پووتین تەنیا کاتی جیهان بەفیڕۆ دەدات".
 
سەرکردایەتی کیێڤیش رایگەیاندووە، لە هەر رێککەوتنێکدا، پێداگریی لەسەر گەرەنتییەکی پتەویی ئەمنی بۆ ئۆکراینا دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، جیهان بە روونی هەست دەکات دەرفەتێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەیە، بەڵام دەبێت هاوکات لەگەڵ دانوستاندنەکان، گوشاریش بۆ سەر رووسیا بەردەوام بێت.
 
هەفتەی رابردوو، زیلینکسی لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی باڵای ئەمریکا و ئۆکراینا لە جنێڤ رایگەیاند، هەردوولا توانیویانە چەند گۆڕانکارییەکی گرنگ لە پلانی ئاشتیی ئەمریکا بکەن.
 
شاندی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، چوارچێوەیەکی نوێی ئاشتییان داڕشتووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتریان ئاشکرا نەکرد.
 
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەورووپا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی پلانەکەی ئەمریکا دەربڕیوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە، "ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا خیانەت لە ئۆکراینا بکات لەسەر بابەتی خاک، بەبێ ئەوەی گەرەنتی ئەمنی روون بکاتەوە."
 
هاوکات، فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری بە زیلینسکی دا و گوتی "لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت زۆر وریا بیت، چونکە ئەوان یاری دەکەن، هەم لەگەڵ تۆ و هەم لەگەڵ ئێمەش."
 
هەرچی ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاندە رایگەیاند، "نابێت ئۆکراینا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بە تەنیا لەگەڵ ئەو کەسانە بەجێبهێڵین."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی نێتفلێکس

نێتفلیکس کۆمپانیای وۆرنەر برۆس بە 83 ملیار دۆلار دەکڕێت

کۆمپانیای نێتفلیکسی تایبەت بە فیلم و زنجیرە دەڵێ، رەزامەندی لەسەر کڕینی ستۆدیۆی فیلم و تەلەڤزیۆنیی وۆرنەر برۆس بە بەهای نزیکەی 83 ملیار دۆلار دەربڕیوە