لیندزی گراهام هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئێسقانشکێن بەسەر سووریا دەکات؛ 'ئەگەر وا دەزانن گاڵتە دەکەین، بەردەوام بن"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێشڕەوییە سەربازییەکانیان بەرەو باکوور و شاری رەققە رانەگرن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2025 گراهام لە پەیامێکی توونددا کە لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سووریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی بەرەو رەققە، ئەو گوشار دەکات بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی "یاسای قەیسەر" بە شێوەیەکی زۆر تووندتر و بەهێزتر.
 
"کەس گوێ لە ئەمریکا ناگرێت"
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "وا دیارە هیچ کەسێک لە سووریا گوێ لە من یان بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا ناگرێت." هۆشداریشی دا، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نەک تەنیا سزای قورس دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو "زیانی هەمیشەیی" بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سووریا دەگەیەنێت. 
 
گراهام بە زمانێکی هەڕەشەئامێز رووی قسەکانی کردە بەرپرسانی دیمەشق و گوتی: "ئەگەر وا دەزانن ئێمە قسەی بێمانا دەکەین (گاڵتە دەکەین)، بەردەوام بن."
 
ململانێ لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران
لیندزی گراهام جەختی کردەوە، هەوڵیداوە بەرامبەر بە حکومەتی نوێ دادپەروەر بێت، بەڵام وا دیارە کەس گوێی لە داواکارییەکانی نییە. ئەو سیناتۆرە هانی حکومەتی سووریای دا بە ژیرانە بڕیار بدەن و گوتی: "ئەگەر ململانێتان لەگەڵ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەوێت و دەتانەوێت زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سووریا بگەیەنن، بەردەوام بن؛ بەڵام ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکە رزگار بکەن، بوەستن و بگەڕێنەوە."
 
ئەم هەڕەشانەی گراهام لە کاتێکدایە، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەویی گەورەی کردووە و کۆنترۆڵی شارۆچکەی شەدادی و زیندانەکەی کردووە، هەروەها بەرەو حەسەکە و کۆبانێ دەجووڵێت. ئەم هەڵکشانانە سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی دێن لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکان.
 
ئێستا دۆخی سووریا گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار؛ لە لایەک هەسەدە دیمەشق بە هێرشکردنە سەر زیندانەکانی داعش و ئازادکردنی "هەزاران تیرۆریست" تۆمەتبار دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە دیمەشق هەسەدە بە "ئیبتیزازی سیاسی" تۆمەتبار دەکات. 
 
دەقی بڵاوکراوەکە

 

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا

ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سووریا بەردەوام بن لە پێشڕەوی لە باکوور بەرەو رەققە، گوشار بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر بە شێوەیەکی زۆر تووندتر دەکەم.

وا دیارە هیچ کەسێک لە سووریا گوێ لە من یان بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا ناگرێت. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، نەک تەنیا سزای "ئێسقانشکێن" دەسەپێندرێن، بەڵکو زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی نوێی سووریا دەگەیەنێت. ئەگەر وا دەزانن ئێمە قسەی بێمانا دەکەین (گاڵتە دەکەین)، بەردەوام بن.

هەوڵمداوە بەرامبەر حکومەتی نوێ دادپەروەر بم، بەڵام وا دیارە کەس گوێی لێ نییە. ئەگەر ململانێتان لەگەڵ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەوێت و دەتانەوێت زیانی هەمیشەیی بە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سووریا بگەیەنن، بەردەوام بن. ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکە رزگار بکەن، بوەستن و بگەڕێنەوە.

هیوادارم "بژاردەکانتان" ژیرانە هەڵبژێرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شوێنی تەقینەوەکە

تەقینەوە لە هۆتێلێکی کابوڵ روویدا؛ پۆلیس دەڵێت کوژراو و بریندار هەن

پۆلیسی ئەفغانستان ڕایدەگەیێنێت، لە هۆتێلێکی شاری کابوڵ تەقینەوەیەک روویداوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە؛ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، تەقینەوەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.