ئۆپن ئەی ئای سەنتەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە ئوسترالیا دادەمەزرێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە بە پەرەپێدەری ChatGPT ناسراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوسترالیی بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەری داتا، رێککەوتنێکی گەورەیان بە بەهای 4.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە شاری سیدنی واژۆ کرد.
 
کۆمپانیای نێکست دی سی (NextDC)، کە بارەگای سەرەکیی لە شاری بریزبەینە، رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئۆپن ئەی ئای واژۆ کردووە. 
 
ئامانج لەم یاداشتنامەیە پەرەپێدانی "کەمپێکی ژیری دەستکرد" و "سوپەرکلێستەر" کە لە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەکانی پڕۆسێسکردنی گرافیکی (GPU) پێکدێت و بۆ راپەڕاندنی ئەرکە قورسەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنرێت.
 
نێکست دی سی، ئاشکراشی کرد، هەردوو کۆمپانیاکە لە قۆناخەکانی پلاندانان، پەرەپێدان و کارپێکردنی ئەم ژێرخانە تەکنەلۆژییە لە رۆژئاوای سیدنی بە شێوەیەکی هاوبەش کار دەکەن. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پشکەکانی کۆمپانیای نێکست دی سی لە مامەڵەکانی سەرەتای پاشنیوەڕۆدا بە رێژەی 4.1٪ بەرزبووەوە.
 
حکومەتی ئوسترالیا، رایگەیاند کۆی تێچووی پڕۆژەکە دەگاتە 7 ملیار دۆلاری ئوسترالی (4.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی). بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، پڕۆژەکە لە قۆناخی دروستکردنی دا هەزاران هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، جگە لە دابینکردنی هەلی کاری بەردەوام لە بوارەکانی تەکنیکی، بەرهەمهێنان، ئەندازیاری و کارگێڕی دوای تەواوبوونی.
 
هەروەها حکومەت، جەختی لەسەر لایەنە ژینگەییەکانی پڕۆژەکە کردەوە و گوتی، پشت بە رێککەوتنی درێژخایەنی کڕینی وزە لە سەرچاوە نوێبووەوەکان دەبەستێت و تایبەتمەندیی "نەوەی داهاتوو"ی فێنککردنەوە بەکاردەهێنێت کە پێویستی بە ئاوی خواردنەوە نییە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکان.
 
جیم چالمەرز، وەزیری گەنجینەی ئوسترالیا گوتی: "ئەمە بەڵگەیەکی دیکەیە کە ئوسترالیا خاوەنی بەهرە، وزەی پاکی شاراوە، هاوبەشیی بازرگانی و سیاسەتی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە براوە گەورەکانی بواری ژیریی دەستکرد."
 
وەزیرە ئوسترالییەکە هەروەها گوتیشی، "هاوبەشییەکانی لەم شێوەیە یارمەتیدەر دەبن بۆ رەخساندنی هەلی کاری باش، بەرزکردنەوەی تواناکان و بڵاوکردنەوەی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە سەرانسەری ئابوورییەکەماندا."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە