باڵێوزى ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەم جەنگە تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، توانای مووشەکیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تاران چی دیکە ناتوانێت هەڕەشە لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەم جەنگە ناگاتە مانگێک، بەڵکو تەنیا چەند هەفتەیەک یان رۆژێکی دیکەیە".
 
دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەممە، 5ى ئادارى 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە نیویۆرک رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران ئەنجامی گەورەیان هەبووە. 
 
دانۆن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لە سەرەتای جەنگدا بینیتان رۆژانە نزیکەی 100 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکران، بەڵام ئەمڕۆ باس لە تەنیا 20 مووشەک دەکەین. دڵنیام ئەم ژمارەیە زیاتر دادەبەزێت."
 
نوێنەرەکەی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و دراوسێیەکانی کرد کە پشوودرێژ بن و گوتی: "رۆژ بە رۆژ تواناکانیان بچووک دەبنەوە. ئێمە لەگەڵ ئەمریکا، هەر کاژێرێک سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی سەکۆ و کۆگاکانی مووشەکین." 
 
نوێنەری ئیسرائیل وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە تاران "رۆژ دوای رۆژ لاوازتر دەبێت"، رەتیکردەوە لەم قۆناخەدا پەنا بۆ دیپلۆماسی ببردرێ. 
 
ئەو دیپلۆماتە گوتی: "پێموایە دیپلۆماسی دێتە کایەوە، بەڵام ئێستا نا. ئێمە دەبێت کارەکە تەواو بکەین. ئەم جەنگە چەند مانگێک ناخایەنێت، بەڵکو تەنیا چەند هەفتەیەک یان رۆژێکی دیکەیە."
 
دانۆن ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ئێرانییەکان لە ئاسماندا تەنیا فڕۆکەی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەبینن، ئەمەش نیشانەی باڵادەستیی تەواوەتیی هێزە هاوپەیمانەکانە بەسەر تاراندا.
 
گوتیشی: "پێویستە بەردەوام بین لە لێدان تاوەکو هەموو تواناکانیان تێکدەشکێنین و پاشان دیپلۆماسی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە چی دیکە ناتوانن هەمان کار بکەنەوە." 
 
دانۆن بەڵێنی دا کە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێران چی دیکە توانای تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز نامێنێت.
 
ئەم جەنگە کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، قورسترین گورزی لە سیستمی فەرماندەیی و ژێرخانی سەربازیی ئێران وەشاندووە. 
 
گەرووی هورمز وەک شادەماری وزەی جیهانی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هەڕەشە و هێرشەکانی تارانەوە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، پەککەوتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە