وەزیری جەنگی ئەمریکا: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکەین

06-03-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە زنجیرەیەک لێدوانی نوێدا، نەخشەی قۆناخی داهاتووی جەنگی دژی ئێرانیان باس کرد. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ و ئەدمیراڵ براد کووپەر، جەختیان لەوە کردەوە، سوپای ئەمریکا بە "دەسەڵاتی رەهاوە" خەریکی گۆڕینی نەخشەی سەربازیی ناوچەکەیە.
 
رۆژی پێنجشەممە 05-03-2026 پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند،  ئۆپراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا جیاوازە لە هەموو ئەو جەنگانەی ئەمریکا لە رابردوودا کردوونی. 
 
هێگسەس گوتی: "جەنگە گەمژانەکانی رابردوو، کە ئامانجی ناڕوون و یاسای سنوورداریان بۆ پێکدادان هەبوو، کۆتاییان هات. ئێستا ئێمە ئامانجی روونمان هەیە و دەسەڵاتی سێنتکۆم لە رێگەی سەرۆک و منەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست."
 
وەزیری جەنگ جەختی کردەوە، ئیرادەی ئەمریکا و ئیسرائیل "پۆڵایینە" و کەرەستە سەربازییەکانیان پڕن، گوتیشی: "ئێمە خۆمان خشتەی کاتی جەنگ و پلانی هێرشەکان دیاری دەکەین و تاوەکو بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانمان ناوەستین."
 
وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی بەریتانیا رێگەی بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی دا، چەندین وڵاتی دیکەش هاتوونەتە پێشەوە، قەبارەی هێرشەکان دەچێتە قۆناخێکی دیکە. هێگسەس گوتی: "ئەمە بەواتای سەکۆی فڕۆکەی جەنگیی زیاتر و گەشتی بۆمبهاوێژی زیاتر دێت. قەبارەی هێزی ئاگرین بەسەر ئاسمانی ئێران و بەسەر تاراندا بە شێوەیەکی دراماتیک بەرز دەبێتەوە."
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ئاماری وردی تێکشکانی هێزەکانی ئێرانی خستە روو. کووپەر رایگەیاند کە بەهۆی گورزە بەردەوامەکانەوە، بەراورد بە رۆژی یەکەم، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران 90٪ و هێرشە درۆنییەکان 83٪ کەمیان کردووە.
 
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد، هێرشەکانیان دژی هێزی دەریایی ئێران چڕتر بووەتەوە. کووپەر گوتی: "پێشتر باسمان لە 24 کەشتی کردبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە زیاتر لە 30 کەشتیی ئێرانیی ژێرئاو خراو. تەنیا لە چەند کاژێری رابردوودا، گەورە کەشتییەکی ئێرانیی هەڵگری درۆنمان پێکاوە کە قەبارەکەی هاوشێوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی جەنگی دووەمی جیهانییە و ئێستا لە ناو ئاودا دەسووتێت."
 
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان فەرمانی نوێی دۆناڵد ترەمپە بۆ سوپا. کووپەر گوتی: "سەرۆک ئەرکێکی نوێی پێ سپاردین، ئەویش تەختکردن یان رووخاندنی تەواوەتیی ژێرخانی پیشەسازیی مووشەکیی ئێرانە. ئێمە تەنیا لەو مووشەکانە نادەین کە ئێستا هەیانە، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک توانای بونیادنانەوە و بەرهەمهێنانیان بۆ داهاتوو لەناو دەبەین."
 
ئەدمیرال کووپەر جارێکی دیکە داوای لە خەڵکی ئێران کرد، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هێمن بن، چونکە ئاستی هێرشەکان زۆر بەرفراوان دەبێت و گوتی: "باشترین کار تەنیا خۆ حەشاردان و بێدەنگبوونە."
 
لە کۆتاییدا، پیت هێگسەس ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکانیان جێگیرن و هیچ فراوانکردنێکی تێدا نییە، بەڵام جەختی کردەوە: "سەرۆک ترەمپ رۆڵێکی گەورەی دەبێت لەوەی کێ لە داهاتوودا حوکمی ئێران دەکات، ئێمە بە تەواوەتی دەزانین هەوڵ بۆ بەدیهێنانی چی دەدەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی. وێنە: Sgt. Glenn Brennan

ئەمریکا 5000 سەرباز لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری جەنگ فەرمانی کشانەوەی نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا دەرکردووە؛ ئەمەش وەک نوێترین لێکترازانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی دەبینرێت بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە