رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە دۆخی سووریا رایدەگەیێنێت، بوونی گرژیی تایفی لەو وڵاتەدا "شتێکی زانراوە". ئاماژە بەوە دەکات کە لە قۆناخی دوای ئەسەد دا، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردنی گواستنەوەی دەسەڵات لەوێ دەبێت.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پرسیاری ئاراستەی ستیڤان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە یەکەمین سەردانی مێژوویی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سووریا و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قۆناخی "دوای بەشار ئەسەد"، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پێکهاتە جیاوازەکان گفتوگۆ لەسەر شێوازی نوێی حکومڕانی دەکەن.
ستیڤان دووژاریک لە وەڵامی رووداو گوتی: "ئێمە لەوێ دەبین بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵاتدارانی سووریا بە هەر شێوەیەک کە بتوانین. بەردەوام دەبین لە دەربڕینی قسەی خۆمان و هاندانیان بۆ ئەوەی تا بکرێت لە هەموو سیاسەتەکانیاندا گشتگیر بن، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوورییەکان لە هەموو گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان هەست بە پارێزراوی و دانپێدانان بکەن."
سەبارەت بە رۆڵی نێوەندگیری و هەنگاوە کردارییەکان، دووژاریک ئاشکرای کرد کە تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ماوەتەوە و لەسەر هەموو ئاستەکان چالاکن. گوتیشی: "لە رووی سیاسییەوە، نێردەیەکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانمان هەیە کە بەردەوامە و بوونی هەیە، نەک تەنیا لە جنێڤ، بەڵکو لە دیمەشقیش لە رێگەی جێگرەکەمانەوە."
لە بەشێکی دیکەی پرسیارەکەدا، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بە راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد سەبارەت بە هەوڵی رفاندنی کچێکی گەنجی عەلەوی لە لازقییە و "زیادبوونی نیگەرانیی گشتی" لەو شارە، وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵکشانی گرژییە تایفییەکان.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە رایگەیاند: "راستە ئەو راپۆرتەم بە دیاریکراوی نەدیوە، بەڵام ئەو راستییەی کە گرژیی تایفەگەری لە سووریا هەیە، شتێکی زانراوە و ئێمە پێشتریش باسی ئەوەمان کردووە."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک: دوو پرسیارم هەیە لەسەر سووریا. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریایە بۆ یەکەمین سەردانی بۆ ئەو وڵاتە لە مێژوودا. دەمەوێت بزانم: سکرتێری گشتی چ ڕۆڵێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینێت لە قۆناغی "دوای ئەسەد" لە سووریا، لە کاتێکدا پێکهاتە جیاوازەکان دیبەیت لەسەر شێوازی حکومەتی وڵاتەکەیان ەکەن؟
ستیڤان دووژاریک: ئێمە لەوێ دەبین بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵاتدارانی سووریا بە هەر شێوەیەک کە بتوانین. بەردەوام دەبین لە دەربڕینی قسەی خۆمان و هاندانیان بۆ ئەوەی تا بکرێت لە هەموو سیاسەتەکانیاندا گشتگیر بن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوورییەکان لە هەموو گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان هەست بە پارێزراوی و دانپێدانان بکەن، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک: سەبارەت بە هەنگاوی کرداری، وەکو نێوەندگیری؟
ستیڤان دووژاریک: ئێمە هێشتا تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە وڵاتەکەدا هەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکن. لە رووی سیاسییەوە، نێردەیەکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانمان هەیە کە بەردەوامە و بوونی هەیە نەک تەنها لە جنێڤ، بەڵکو بێگومان لە دیمەشقیش لە ڕێگەی جێگرەکەمانەوە.
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک: پرسیاری دووەمم، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتی داوە لەسەر "زیادبوونی نیگەرانیی گشتی" لە لازقییە دوای هەوڵی ڕفاندنی کچێکی گەنجی عەلەوی. وا دەردەکەوێت گرژییە تایفەگەرییەکان لە سووریا ڕوو لە زیادبوون بکەن.
ستیڤان دووژاریک: ئەو ڕاپۆرتەم بە دیاریکراوی نەدیووە بەڵام ئەو ڕاستییەی کە گرژیی تایەفەگەری لە سووریا هەیە شتێکی زانراوە، و ئێمە پێشتریش باسی ئەوەمان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ