پووتین: ئەمریکا سووتەمەنیی ئەتۆمیمان لێدەکڕێت؛ هیندستان بۆ نەوتمان لێنەکڕێت؟

05-12-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ گەیشتنی بە نیودەلهی بۆ سەردانێکی دوو رۆژە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هیندستانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. پووتین رەخنەی تووندی لە گوشارەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا مافی کڕینی سووتەمەنیی ئەتۆمیی رووسیای هەبێت، بۆچی دەبێت هیندستان لە کڕینی نەوت بێبەش بکرێت؟
 
پووتین لە لێدوانێکدا بۆ میدیای هیندستان کە چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی بڵاوکرایەوە، گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی هێشتا سووتەمەنیی ئەتۆمی لە ئێمە دەکڕێت بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی، ئەوەش هەر سووتەمەنییە."
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "ئەگەر ئەمریکا مافی کڕینی سووتەمەنیی ئێمەی هەبێت، بۆچی نابێت هیندستان هەمان مافی هەبێت؟ ئەم پرسیارە شایانی لێکۆڵینەوەی وردە و ئێمە ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بکەین، تەنانەت لەگەڵ سەرۆک ترەمپیش."
 
چەند کاژێرێک پێش بڵاوبوونەوەی لێدوانەکان، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە فڕۆکەخانەی دەلهی پێشوازی لە پووتین کرد؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەکی "دەگمەن" بۆ پەیوەندیی گەرمی نێوانیان لێکدرایەوە. هەردوو سەرکردە لەسەر فەرشی سوور باوەشیان بە یەکدا کرد و دواتر بە یەک ئۆتۆمبێل بەرەو شوێنی ئێوارەخوانێکی تایبەت بەڕێکەوتن. 
 
شاندێکی گەورەی وەزیران و بازرگانانی رووسیا یاوەری پووتین دەکەن و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی بکەن و ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ بکەن.
 
ترەمپ، پێناسی گومرگی و نەوتی رووسی
 
سەردانەکە لەکاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگی 25٪ـی بەسەر کاڵای هیندی و سزای بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا سەپاندووە، بە بیانووی ئەوەی کڕینی نەوتی هەرزانی رووسی لەلایەن هیندستانەوە، دەبێتە هۆی پارەدارکردنی جەنگی مۆسکۆ لە ئۆکراینا. 
 
بەو هۆیەوە هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان لەم مانگەدا بۆ نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو دابەزیوە.
 
بەپێی دوایین ئامار، لەم مانگەدا هیندستان رۆژانە 600 بۆ 650 هەزار بەرمیل نەوت لە رووسیا هاوردە دەکات. 
 
پووتین لەبارەی ئەو دابەزینەوە گوتی: "ئەمە تەنیا دەستکارییەکی بچووکە، بەگشتی بازرگانیی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا لەگەڵ هیندستان بە باشی بەڕێوەدەچێت."
 
ئامانجی 100 ملیار دۆلار
 
هیندستان و رووسیا کار دەکەن بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان تاوەکو ساڵی 2030 بگەیەننە 100 ملیار دۆلار.
 
بازرگانیی نێوانیان لە 13 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2021 بۆ 68.7 ملیار دۆلار لە 2024-2025 بەرزبووەتەوە، کە زۆربەی بەهۆی کڕینی وزەوە بووە لەلایەن هیندستانەوە.
 
لەو بڕە، تەنیا 4.88 ملیار دۆلاری هەناردەکاریی هیندستانە بۆ رووسیا. 63.82 ملیار دۆلاریش هەناردەکاریی رووسیایە بۆ هیندستان.
 
رووسیا دەیەوێت بۆ هاوسەنگکردنەوەی تەرازووی بازرگانی، هاوردەکردنی کاڵای هیندی زیاد بکات.
 
هیندستان هەوڵ دەدات هەناردەی ئۆتۆمبێل، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، تەکنەلۆژیا، جلوبەرگ و خۆراک بۆ رووسیا زیاد بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیدزی گراهامم سیناتۆری کۆمارییەکان

لیندزی گراهام هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئێسقانشکێن بەسەر سووریا دەکات؛ 'ئەگەر وا دەزانن گاڵتە دەکەین، بەردەوام بن"

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێشڕەوییە سەربازییەکانیان بەرەو باکوور و شاری رەققە رانەگرن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە.