لە بەنگلادیش شەمەندەفەرێک ئاگری گرت و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا

06-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە داکای پایتەختی بەنگلادیش شەمەندەفەرێک ئاگری گرت و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. پۆلیس دەڵێت، "رووداوەکە سروشتی نییە و تێکدەرانەیە."
 
رۆژی هەینی، 05-01-2024، شەمەندەفەرێک کە لە شاری جێسۆری رۆژئاوای بەنگلادیشەوە بەرەو داکای پایتەخت بەڕێکەوت و کاتێک گەیشتە پایتەخت ئەو رووداوەی لێکەوتەوە، پۆلیسی داکا گومان دەکەن کە ئەوە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە، ئەمەش بەهۆی هەڵبژاردنی گشتیی بەنگلادیش کە بڕیارە لە 7-1-2024 بەڕێوەبچێت و لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەوە رەتدەکرێتەوە.
 
راکجیبول حەسەن، ئەفسەری ئاگرکوژێنەوە گوتی، "ئاگرەکە لە شەمەندەفەری بێناپۆلی ئێکسپرێس کەوتووەتەوە، کە بەرەو داکای پایتەخت بەڕێوەبووە." خەنداکیر موعین، فەرماندەی پۆلیسیش گوتی، "پێنج تەرممان هەڵگرتووەتەوە."
 
بە گوێرەی شایەتحاڵەکان، شەمەندەفەرەکە لە گەڕەکی گۆپیباگ لە نزیک تێرمیناڵی گشتیی شاری داکا ئاگری گرتووە و زۆر بە زوویی تەشەنەی سەندووە.
 
دوای گەیشتنی هەواڵەکە، تیمە فریاگوزارییەکان بە زوویی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە سەدان خەڵکیان لە ئاگر و دووکەڵی شەمەندەفەرەکە دەرهێنا. میدیای بەنگلادیش دەڵێت، چەند هاووڵاتییەکی هیندی لەنێو شەمەندەفەرەکە بوون.
 
بەپێی ئەنوار حوسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە، "ئەو ئاگرکەوتنەوەیە سروشتی نییە و کارێکی تێکدەرانەیە."
 
مانگی پێشوو، شەمەندەفەرێکی دیکە لە بەنگلادیش ئاگری گرت و چوار کەس گیانیان لەدەستدا. حکومەت و پۆلیسی بەنگلادیش تۆمەتی ئەو ئاگرەیان خستە پاڵ حیزبی نەتەوەیی بەنگلادیش BNP کە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنە.
 
ئەوکات BNP تۆمەتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە تاوانی ئەو رووداوە دەخەنە ئەستۆی ئێمە."
 
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، خەڵکی بەنگلادیش بەشداریی لە هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکە دەکەن، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە و بە "دەنگدانی ساختە" وەسفی دەکەن.
 
سەرەکیترین هۆکاری ئەو بایکۆتە ئەوەیە کە پۆلیسی بەنگلادیش بەهۆی رەخنەگرتنیان لە دەسەڵات، زیاتر لە 20 هەزار لایەنگری ئۆپۆزیسیۆنیان دەستگیر کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنەکە چاوەڕوان دەکرێت کە شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵاتەکە بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردنەکە بباتەوە.
 
لە هەڵبژاردنەکەدا، هەزار و 896 بەربژێر، پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 300 کورسی پەرلەمانی دەکەن و 5.1٪ـی بەربژێرەکان ژنن. 
 
بەنگلادیش کە ژمارەی دانیشتووانی 170 ملیۆن کەسە، نزیکەی 120 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
750 هەزار کەس لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت، 127 چاودێریی نێودەوڵەتیش لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنەکە دەکەن. 
 
حەسینە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی رۆهینگیای لە وڵاتەکەی جێگە کردووەتەوە و لە ساڵانی رابردوودا توانیبووی ئابووریی وڵاتەکەی بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک لەو وڵاتە، خۆپێشاندان لەو وڵاتە دژی حەسینە دەستیپێکرد.  
 
گرووپەکانی مافی مرۆڤیش رەخنەی ئەوە لە حکومەتی ئێستای بەنگلادیش دەگرن، کە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە و پاڵپشتیکارانیان دەکەنە ئامانج و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.
 
حەسینە لە ساڵی 1996 تاوەکو ساڵی 2001 بۆ خولێک سەرۆکوەزیران بوو، لە ساڵی 2009ـەوە دووبارە بووەوە بە سەرۆکوەزیران و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا کە لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، توانی 72٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بەدەست بهێنێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.