حکومەتی ئەمریکا: مانگی رابردوو 216 هەزار هەلیکارمان رەخساندووە

06-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، مانگی رابردوو 216 هەزار جۆر کاری نوێی رەخساندووە. راشیگەیاند، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە ٪3.7ـە.
 
رۆژی هەینی، 5-1-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی 12ـی 2023ـدا حکومەتی ئەمریکا 216 هەزار جۆر کاری نوێی بۆ هەزاران کەس رەخساندووە.
 
هەرچەندە رێژەی بێکاری لە ٪3.7 وەستاوە و نەگۆڕاوە، لەکاتێکدا ساڵی پار ٪3.5 بوو، بەڵام ئیدارەکەی بایدن دەیەوێت دڵنیایی زیاتر بداتە هاووڵاتییانی ئەمریکی و بتوانێت دەنگی پێویست بۆ هەڵبژاردنی نۆڤێمبەری 2024 کۆبکاتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی کاری ئەمریکا، لە ساڵی 2023ـدا 2.7 ملیۆن کاری نوێ رەخساون، لە کاتێکدا لە 2022 ژمارەکە 4.8 ملیۆن بووە.
 
وەزارەتەکەی ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی 12ـدا گەشەی مووچە ٪0.4 بە بەراورد بە مانگی 11 زیادیکردووە و حەقدەستی کاژێرێک کارکردن لە وڵاتە زلهێزەکەی ئابووری ٪4.1 زیادیکردووە.
 
لەو 216 هەزار کارە نوێیە، پشکی شێر بەر کەرتەکانی حکومی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی و بنیاتنان کەوتووە، بەڵام لە کەرتەکانی گواستنەوە و کۆگاکردنی کەلوپەل چەند کارێک لەنێوچوون. هەروەها، لە کەرتەکانی کارگەکان و خانووبەرە بەهۆی بەرزیی رێژەی سوودی بانکی، چەند کارێک نەماون.
 
رایان سویت، ئابووریناسی دامەزراوەی ئابووریی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی 11ـی ساڵی پێشوو 173 هەزار کاری نوێی رەخساندووە و لە مانگی دواتر زیاتر بووە، بۆیە پێموایە کە هێشتا بازاڕی کار بەهێزە."
 
نووسینگەی ئاماری کار لە ئەمریکا بڵاویکردەوە، زۆرترین کار لە مانگێکدا رەخسابێت لە شوباتی 2022 بوو کاتێک حکومەت 714 هەزار هەلیکاری نوێی بۆ خەڵک رەخساند. کەمترینیش لە مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەمی 2023 بوون کاتێک تەنیا 105 هەزار هەلیکار رەخسێندرابوون.
 
شڕۆڤەکارانی گرووپی کارسۆنی ئەمریکی تایبەت بە کار دەڵێن، "ئابووری و بازاڕی کاری ئەمریکا ئاسایی بوونەتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە