کەیسی بازرگانێکی سێکسکردن بە منداڵان ناوە دیارەکانی ئەمریکا و جیهان دەخاتە ژێر پرسیارەوە

06-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە میدیای جیهان بە کەیسی جێفری ئێپستین سەرقاڵە. دادگە بەشێک لە دەوڵەمەند، بەنێوبانگ، سەرۆك و ناوە دیارەکانی جیهان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەگەڵ جێفری لە ساڵانی پێشوو دەستیان لە بازرگانیکردن بە منداڵان و سێکسکردن لەگەڵیان هەبووە.
 
جێفری ئێپستین سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو؛ لەدوای ئەوەی بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵان دەستگیر کرا، لە ساڵی 2019 لە زیندان خۆی کوشت، بەڵام سەدان بەڵگەنامەی نهێنیی لەدوای خۆی جێهێشت کە تێوەگلانی دەیان کەسایەتیی نێوداری جیهانی لە بازرگانییەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. 
 
ئاشووبی دوای مردن 
 
هەرچەندە ئێپیستین لە 2019 لە زینداندا خۆی کوشت و ماکسوێڵی هاوبەشی، سزای 20 ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و لە زیندانە، بەڵام دۆسیەکەیان هێشتا لە دادگە گەرمە و قوربانییەکان داوای مافی خۆیان دەکەنەوە. 
 
لە دوایین دانیشتنی دادگەی نیویۆرک، کە لە 3-1-2024 کراوە، دادگە ناوی 180 کەسی ئاشکراکردووە، کە لە کەیسەکەی جێفری تێوەگلاون. هەندێک لەوانەی لە دۆسیە 1000 لاپەڕەییەکە ناویان هاتووە بریتیین لە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا؛ شازادە ئەندرو، کوڕی شاژنە ئەلیزابێسی بەریتانیا؛ مایکڵ جاکسۆنی گۆرانیبێژی کۆچکردووی ئەمریکا، ستیڤن هۆکینگی زانای فیزیایی و چەندین ناوی دیکە.
 
دادگە دەڵێت، مەرج نییە ئەوانەی ناویان هاتووە هەموویان تۆمەتی "سێکسکردن لەگەڵ منداڵان"یان بخرێتە پاڵ.
 
چیرۆکەکە چۆنە؟
 
جێفری ئێپستین کە خاوەن ملیۆنان دۆلار بوو، دوورگەیەکی بچووکی لە دەریای کاریبی کڕیبوو و لەوێ لە کۆشکە ناوازە و رازاوەکاندا لەگەڵ هاوبەشەکەی خەریکی ئەو کارەبوون و کەسە بەنێوبانگەکانی جیهان دەبوونە میوانی.
 
دوای ئەوەی چەند قوربانییەکی ئێپیستین بێدەنگی دەشکێنن و دەچنە دادگە، دۆسیەی ئەو بازرگانە دەوڵەمەندە دەکەوێتە ژێر دەستی پۆلیس و دادگە.
 
جێفری ئێپیستین ساڵی 1953 لە ئەمریکا لە دایکبووە و ساڵی 2019 لە زیندان خۆی کوشتووە. لەو نێوەندە چەندین کاری نایاسایی و نهێنی کردووە، دیارترینیان سێکسکردن بووە لەگەڵ کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ و دابینکردنی ئەو کچانە بۆ بەشێک لە دەوڵەمەند، سەرۆك و ناوە دیارەکانی جیهان.
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئەمریکا، ئەو لە ساڵانی 1990ـەکانەوە خەریکی ئەم کارە بووە، بەڵام زۆر بەنهێنی لە دوورگەیەکی دوورەدەست بەناوی لیتڵ سەینت جەیمس، کە سەر بە دوورگەکانی ڤێرجن ئایلاندە لە دەریای کاریبی.
 
دەستگیرکردن و خۆکوشتن
 
مانگی ئاداری 2005 ژنێک پەیوەندی بە پۆلیسی شاری پام بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا کرد کە زڕکچەکەی (تەمەن 14 ساڵ) براوەتە یەکێک لە ڤێلاکانی ئێپیستین و لە بەرامبەر دانسی رووت و سێکس پارەی پێدراوە و ڤیدیۆشی تۆمارکراوە.
 
پۆلیسی ئەو شارە بە یارمەتیی دەزگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکی دەچنە ماڵەکەی ئێپیستین و دەستگیری دەکەن. دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ پێنج قوربانی و 17 شایەتحاڵ، دۆزینەوەی 36 کچی دیکە کە ئەو کارەیان لەگەڵ کراوە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، سزای 13 مانگ زیندانی بەسەر ئێپیستیندا جێبەجێکرا.
 
دوای 14 ساڵ و لە حوزەیرانی 2019 بە تۆمەتی "بازرگانی سێکسیی منداڵان" دەستگیرکرایەوە و دوای دوو مانگ لە کاتی چاوەڕوانیی دادگەییکردن لە زینداندا، هەروەک پۆلیس ئاشکرای کرد، "بە پەت خۆی خنکاند."
 
دەنگهەڵبڕینی قوربانییەکان
 
ساڵی 2015 ڤیرجینیا گیفرێ، یەکێک لە قوربانییەکان سکاڵای لەسەر گیسلەین ماکسوێڵ، هاوبەشی کارەکانی ئێپیستین تۆمارکرد بەوەی کە ئەو ژنە (ماکسوێڵ) لە ساڵی 1999 ڤیرجینیای لە تەمەنی 17 ساڵی، کاتێک لە یانەیەکی شاری پام بیچ کاری کردووە و یانەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ خاوەندارێتیی کراوە، "بۆ ئێپیستین بردووە و بەزۆر سێکسی پێکردووە."
 
دوای لێکۆڵینەوە و دادگەییکردن بۆ ماوەی 2 ساڵ، لە ساڵی 2017 ماکسوێڵ دەستگیرکرا و لە ساڵی 2022 سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو و ئێستا لە زیندانە.
 
گیفرێ دەڵێت، ئێپیستین لە فلۆریدا، نیویۆرک، دوورگەکانی ڤێرجین و نیو مەکسیکۆ ڤێلای هەبوو، "ئەو لەوێ منی پێشکێشی پیاوانی دیکە دەکرد بۆ ئەوەی سێکسم لەگەڵ بکەن."
 
جۆوانا سیۆبێرگ یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکان. سیۆبێرگ رایگەیاند، "لە ساڵی 2001 لە شاری مانهاتن لە ئەمریکا شەوێک شازادە ئەندرو (کوڕی شاژنی پێشووی بەریتانیا و برای پاشا چارلس) هاتە ئەوێ و دەستی لە سینگم دا. ئەوکات ئێپیستین، ماکسوێڵ و گیفرێش لەوێ ئامادەبوون."
 
گیفرێی تەمەن 38 ساڵ کە ئێستا لەبواری قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی کار دەکات، لە لێدوانێکی دیکەدا رایگەیاند، "کاتێک تەمەنم 17 ساڵ بوو شازادە ئەندرو دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەرم."
 
شازادەکەی بەریتانیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە "بێبنەما"ی وەسفکردن.
 
تائێستا ناوی هەموو ئەوانەی لەو دۆسیەیە تێوەگلاون ئاشکرا نەکراون و هیچ رێکەوتێکی دیاریکراویش بۆ ئاشکردنیان دانەنراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەم دوو هەفتەیەدا دادگە هەموو ناوەکان ئاشکرا بکات.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە