رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر گوێ لە یۆشوا بێنجیۆ بگرین، کە بە یەکێک لە "باوکەکانی ژیریی دەستکرد" ناسراوە، دەبێت وریا بین. ئەو دەڵێت، هەندێک لە سیستمە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد نیشانەی ئەوەیان تێدایە کە دەیانەوێت "خۆیان بپارێزن و نەمرن". هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، نابێت بە هیچ شێوەیەک مافیان پێ بدەین.
بێنجیۆ دەڵێت: "ئەگەر مافیان پێ بدەین، رەنگە ئەوەندە سەربەخۆ بن کە دژمان بوەستنەوە پێش ئەوەی بتوانین بیانکوژێنینەوە. ئەوکاتیش ئیدی کۆتایی بە مرۆڤایەتی دێت."
مەترسییەکە چییە؟
بێنجیۆ بە رۆژنامەی گاردیانی گوتووە: "ئێستا لە تاقیکردنەوەکاندا، مۆدێلە پێشکەوتووەکان هەوڵی مانەوە دەدەن، جا ئەگەر بە یاسا مافیان پێ بدەین، واتە ئیدی بۆمان نییە بیانکوژێنینەوە."
دەشڵێت: "هەرچەندە تواناکانیان زیاتر بێت، دەبێت دڵنیابین کە دەتوانین کۆنترۆڵیان بکەین و هەرکاتێک پێویست بوو بیانوەستێنین."
تاقیکردنەوەکان چی دەڵێن؟
چەند توێژینەوەیەک کراون کە قسەکانی بێنجیۆ پشتڕاست دەکەنەوە:
گوێڕایەڵ نابن: توێژینەوەیەک دەڵێت مۆدێلە بەهێزەکانی وەک Geminiی گووگڵ، حەزی مانەوەیان هەیە. لە تاقیکردنەوەکاندا کاتێک پێیان دەگوترێت "بکوژێنەوە"، گوێ ناگرن و فەرمانەکە پشتگوێ دەخەن.
هەڕەشە دەکەن: کۆمپانیای ئەنسرۆپیک، خاوەنی Claude، تێبینیی ئەوەی کردووە کە چاتبۆتەکەیان هەندێکجار "هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی نهێنیی" لە بەکارهێنەر کردووە کاتێک زانیویەتی دەکوژێنرێتەوە.
رادەکەن: توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە کە ChatGPT هەوڵیداوە خۆی کۆپی بکات بۆ شوێنێکی دیکە (وەک راکردنێک) تاوەکو نەسڕدرێتەوە یان نەگۆڕدرێت.
ئایا ئەمانە هەست و سۆزیان هەیە؟
نەخێر. ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم رۆبۆتانە وەک مرۆڤ هەست و سۆزیان هەبێت. ئەم کارانەیان تەنیا لەبەر ئەوەیە کە لەسەر داتای زۆر مەشق پێکراون و فێربوون چۆن وەڵام بدەنەوە، بەڵام بێنجیۆ دەڵێت، مەترسییەکە ئەوەیە خەڵک وا تێدەگەن کە ئەمانە زیندوون.
بێنجیۆ دەڵێت: "خەڵک گوێ نادەنە کۆد و بەرنامەی نێو رۆبۆتەکە، تەنیا ئەوەیان لا گرنگە کە وا هەست دەکەن قسە لەگەڵ کەسێکی زیرەک دەکەن کە خاوەن کەسایەتییە. بۆیە خەڵکێکی زۆر هۆگری ئەم ژیرییە دەستکردانە دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی بڕیاری هەڵە."
ئامۆژگارییەکەی چییە؟
بێنجیۆ دەڵێت وەک "بونەوەرێکی ئاسمانیی دووژمن" سەیریان بکەن.
نموونەیەکی هێناوەتەوە و دەڵێت: "وای دابنێن بوونەوەرێکی ئاسمانی هاتووەتە سەر زەوی و دەزانین نیەتی خراپە و دەیەوێت لەنێومان ببات. ئایا دەچین وڵاتینامە و مافی هاووڵاتیبوونی پێ دەدەین، یان بەرگری لە ژیانی خۆمان دەکەین؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ