رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئۆکراینا و نێردراوانی باڵای ئەمریکا لە پاریس کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی "گەرەنتییە ئەمنییەکان"، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا دایناوە، چڕتر بوونەتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بە گرووپی "هاوپەیمانیی وڵاتانی ئامادە" ناسراوە، نوێترین زنجیرە کۆبوونەوەیە لە ساڵی نوێدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا جووڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە خوێناویترین جەنگی ئەورووپای دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، خێراتر بوون.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاندووە، نوێنەرانی 35 وڵات کە 27ـیان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانن لە پاریس کۆدەبنەوە و ئامانج لێی نیشاندانی "هاوئاهەنگییە" لەنێوان واشنتن، کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکان سەبارەت بە گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جارید کوشنەری زاوای لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکەدا بەشدار دەبن.
راوێژکارێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم کۆبوونەوە نوێیە لووتکەی ئەو هەوڵانەیە کە دوای گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بە کۆشکی سپی دەستیانپێکرد بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت "ئەمریکا دەستبەرداری ئۆکراینا ببێت."
راوێژکارەکە رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لە پرۆسەی رێکخستنەوەی نێوان ئۆکراینا، ئەورووپا و ئەمریکادا سەرکەوتوو بووین."
بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا؛ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بەشدار بن.
بڕیارە سەرکردەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ دیدگە هاوبەشەکەیان دەرببڕن سەبارەت بەوەی ئاگربەست لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا چۆن دەبێت، هەروەها کاردانەوەیان چی دەبێت لە ئەگەری پێشێلکاریدا.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، تاوتوێی بڵاوکردنەوەی هێزێکی فرەنەتەوەیی دەکرێت بۆ "دڵنیاکردنەوەی ئۆکراینا" وەک بەشێک لە رێککەوتنێکی سیاسی، کە رۆژی دووشەممە بڕیارەکان لەو بارەیەوە لە قۆناخی "تەواوبووندا" بوون.
بۆ ئامادەکاریی ئەم لووتکەیە، راوێژکارانی ئاسایشی 15 وڵات، لەنێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و نوێنەرانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا یەکشەممەی رابردوو لە کیێڤ کۆبوونەوە و ویتکۆف بەشێوەی ئۆنلاین بەشدار بوو.
کیێڤ لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاند رێککەوتنەکە "90٪" ئامادەیە، هەرچەندە هێشتا مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر پرسی سەرەکیی خاک لە هەر رێککەوتنێکی دوای جەنگدا ناکۆکن.
رووسیا کە نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە، گوشار دەکات بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە کۆنترۆڵی تەواوی هەرێمی دۆنباس بکات.
بەڵام کیێڤ هۆشداریداوە کە دەستبەرداربوون لە خاک، مۆسکۆ بوێرتر دەکات و دەڵێت هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ ناکات ئەگەر نەتوانێت رێگری لە هێرشی دووبارەی رووسیا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ