رووداو دیجیتاڵ
چەند ساڵێک لەمەوبەر، باس و خواسی "دەرهێنانی کانزا لە بۆشایی ئاسمان" گەرم بوو. هەمووان وایاندەزانی بەمزووانە مرۆڤ دەتوانێت بچێتە سەر تەنە ئاسمانی و هەسارە بچووکەکان و کانزا و سامانە سرووشتییەکانیان لێ دەربهێنێت و بیانهێنێتەوە بۆ سەر زەوی.
بەڵام دوای ئەوەی چەند پڕۆژەیەک شکستیان هێنا و تێچووەکەی زۆر بوو، بابەتەکە کەمێک سارد بووەوە و هەمووان هیوایان بەوەیە تەکنەلۆجیا زیاتر پێش بکەوێت.
ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ لەلایەن پەیمانگەی زانستە ئاسمانییەکانی ئیسپانیاوە کراوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا بەڕاستی دەکرێت ئەم کارە بکرێت.
توێژینەوەکە چی دەڵێت؟
تیمێکی زانستی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پارچەی ئەو بەردە ئاسمانییانە کردووە کە دەوڵەمەندن بە کاربۆن و 75%ی هەسارەکان پێکدەهێنن.
ئەنجامەکە ئەوەیە: بەڵێ، ئەم بەردە ئاسمانییانە دەکرێت سەرچاوەیەکی گرنگی مادەی خاو بن، بەڵام مەرج و تێبینیی خۆیان هەیە.
گرنگترین خاڵەکانی توێژینەوەکە:
1. هەموو بەردێک بەکەڵک نایەت: توێژەران دەڵێن هەڵبەت هەموو بەردە ئاسمانییەکان پڕ نین لە زێڕ و کانزای گرانبەها. زۆربەیان زۆر کەم کانزای دەگمەنیان تێدایە و خەرجییەکەی دەرناکات ئەگەر تەنیا بۆ ئەوە بچیت.
2. ئاو لە هەمووی گرنگترە: باشترین ئامانج بۆ داهاتوو، ئەو بەرد و هەسارە بچووکانەن کە ئاو و کانزای تایبەتیان تێدایە. دەرهێنانی ئاو لە بۆشایی ئاسمان زۆر گرنگە، چونکە دەکرێت بکرێتە سووتەمەنی بۆ کەشتییە ئاسمانییەکان، یان ئاسمانەوانەکان خۆیان بەکاریبهێنن. ئەمەش وادەکات چیدیکە پێویست نەکات هەموو شتێک لە زەوییەوە ببەن.
3. تەکنەلۆجیای نوێ پێویستە: د. جۆزێپ تریگۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "پێویستمان بە کۆمپانیای وا هەیە کە بتوانن ئامێری پێشکەوتوو دروست بکەن بۆ ئەوەی لە دۆخێکدا کار بکەن کە هێزی کێشکردن زۆر کەمە."
ئایا ئەمە ئەندێشەی زانستییە؟
یەکێک لە توێژەرەکان دەڵێت: "رەنگە ئەم قسانە وەک ئەندێشەی زانستی دیار بن، بەڵام 30 ساڵ لەمەوبەریش بیرۆکەی ئەوەی کەشتییەک بچێتە سەر هەسارەیەک و نموونەی بەرد بهێنێتەوە هەر وەک ئەندێشە وابوو، بەڵام ئێستا دەکرێت."
سوودی ئەم کارە چییە؟
ئەگەر لە داهاتوودا ئەمە سەرکەوتوو بێت، مرۆڤ دەتوانێت کانزا و ئاو لە بۆشایی ئاسمان دەستبخات بۆ گەشتە دوورەکانی وەک چوون بۆ مەریخ. هەروەها دەتوانرێت کارگە پیسەکان لە زەوییەوە بگوێزرێنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان، بەمەش ژینگەی زەوی لە پیسبوون دەپارێزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ