بەیان سامی عەبدولڕەحمان: لەگەڵ ئەمریکا لە سفرەوە دەستپێناکەینەوە

06-02-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن ئەمریکا هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کورد هەیە، واتە لەگەڵ ئەو ئیدارەیە لە سفرەوە دەستپێناکەین. دەشڵێ کورد دەتوانێت سوود لەو سیاسەتە وەربگرێت، کە ئێستا ئەمریکا کردوویەتییە کاری لە پێشینەی خۆی و بە پێویستی دەزانێت کورد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جیا جیاکاندا بەرفراوان بکات و ئاماژە بەوەش دەدات؛ پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی جیهانی دیپلۆماسی، کە لەلایەن مەجید نیزامەدین گلییەوە پێشکەش دەکرێت، سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە داهاتوودا رایگەیاند: "جارێ زووە باسی ئیدارەی بایدن و پەیوەندی ئەو ئیدارەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام خۆشبەختانە جۆ بایدن دۆستی لەمێژینەی کوردە، پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە، ئەمەش ئەو دڵنیاییەمان پێدەدات کە سەرۆککۆماری ئەمریکا کورد دەناسێت و بەهای کورد دەزانێت، واتە لەگەڵ ئەو ئیدارەیە لە سفرەوە دەستپێناکەین، جگە لە جۆ بایدن خۆی ژمارەیەک لە ستافی حکومەتەکەی بایدن پەیوەندی باشیان لەگەڵ کورد هەیە و ئاشنایەتیان لەبارەی خواست و ئامانجەکانی گەلی کوردستان هەیە".
 
بە بڕوای بەیان سامی عەبدولڕەحمان، کورد دەتوانێت سوود لەو سیاسەتە وەربگرێت کە ئێستا ئەمریکا کردوویەتییە کاری لە پێشینەی خۆی، ئەویش پرسی گۆڕانی کەشوهەوایە و دەڵێت: " کورد دەبێت خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادە بکات، بۆ بایدن گۆڕانی کەشوهەوا زۆر گرنگە، بە بڕوای من دەبێتە گرنگترین خاڵی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا، خۆیان وا دەڵێن، ئێمەش دەبێت بە جیدی ئەو بابەتە وەربگرین و دەتوانین سوود لەو سیاسەتە وەربگرین، راستە ئەوە شەڕی داعش و کێشەکانی ئێمە و  بەغدا نییە، بەڵام کەشوهەوا کاریگەری زۆر لە ئێمەش دەکات".
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان جیا لە بابەتی ئەمنی و سەربازی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە چەندین بواری دیکە فراون بکات و دەڵێت: "پەیوەندی سەرەکی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەسەر بنەمای ئاسایش و ئارامی بووەو دەبێت ئەو پەیوەندییە لەو رووەوە بەردەوام بێت، پێویستە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا فراونتر بێت، هیچ وڵاتێک پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا نەبەستووەتەوە بە تەنیا بابەتێک، لەوانە پەیوەندی ئابووری، پەروەردە و کولتوور و چەندانی دیکەش، ئێمەش دەبێت کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەین".
 
دەشڵێت: "زۆر هەوڵمانداوە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی پەیوەندی ئابووری نێوان ئەمریکا و کوردستان بەهێزتر بکەین، لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو کۆنفرانسێکی زۆر گەورەمان لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکی سازکرد، کە تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشی میدیایی کۆنفرانسەکەبوو".
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان پێیوایە پشتیوانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "ئێستا ئەمریکا پێویستی بە کوردستان هەیە وەکو هێزێکی ئەمنی لەنێو عێراق، داعش کۆتایی نەهاتووە، هەندێک کێشەی دیکەی ئەمنی هەن لە عێراقدا بۆیە بەڕای من بایدن بەردەوام دەبێت لەگەڵ پێشمەرگە و پشتگیری پێشمەرگە، بەڵام وەکو جاران نابێت بەو پێیەی داعش وەکو جاران هێزی نەماوە."
 
"دەستنیشانکردنی تۆنی بلینکن، وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کورد زۆر باشە" 
 
بە بڕوای بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەستنیشانکردنی تۆنی بلینکن، وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کورد زۆر باشە و دەشڵێت: " تۆنی بلینکن پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەموو شتێک کە لە خەیاڵ و ئارەزووماندایە رووبدات، چونکە ئەمریکا ئەولەویەتی خۆی هەیە، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە، سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە ئێران هەیە، لەگەڵ ئیسرائیل سیاسەتی خۆی هەیە، ئەمانە هەمووی کاریگەریان بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەیە بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەخوازێت لە حکومەتی ئەمریکا پشتیوانی پێشمەرگە بەردەوام بێت و دەڵێت: "دەمانەوێت پاڵپشتی و پشتیوانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت، ئەوەیان لەبیرنەچێت کە پێشمەرگە رۆڵێ گرنگی هەیە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، دەشمانەوەێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردستان بەهێزتر بێت، پشتگیری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بکات کە بۆ ئێمەی خەڵکی شنگال و کورد زۆر گرنگە، ئێستا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بووەتە شتێکی زەحمەت، بۆیە پشتگیری ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپامان پێویستە".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداو رۆڵی ئەمریکا لەو پەیوەندییە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئێستا پەیوەندی نێوان کوردستان و عێراق زۆر خراپە، راستە پەیوەندی باشمان لەگەڵ مستەفا کازمی وەکو سەرۆکی حکومەت هەیە، بەڵام لەناو پەرلەمان کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەکەن، هەندێک هەن تەنانەت نایانەوێت پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیش بمێنێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمریکییەکان ئاگاداری ئەو بابەتە بن و پاڵپشتیمان بکەن. ئەوانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گرنگ دەزانن و ئەوەشیان راگەیاندووە کە ئەوان هەوڵ دەدەن هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە بگەنە رێککەوتن، پێدەچێت لەوبارەیەوەش قسەیان لەگەڵ بەغدا کردبێت، بەڵام کۆنترۆڵی پەرلەمانی عێراق بە دەست ئەوانەوە نییە".
 
سەبارەت بە هەبوونی بەرنامەیەک بۆ سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بەو پێەی تازە حکومەتەکە دەستبەکاربووە، بەڵام لە بەرنامەی ئێمەدایە ئەو بابەتە لەگەڵیان گفتوگۆ بکەین، دڵنیاشم داوەتنمایەکیان بۆ دێت، پێشتریش داوەتنامەیەک لە کۆشکی سپییەوە بۆ جەنابی کاک نێچیرڤان هاتبوو، بەڵام لەبەر کۆرۆنا ڤایرۆس ئەو بەرنامەیە تێکچوو، ئەگەر تێبینیش بکەین دەبینین ساڵی رابردوو زۆر بە کەمی سەرۆکی وڵاتانی دەرەوە سەردانی ئەمریکایان کرد".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئۆتۆمبێلی جەنەڕاڵ ڤانیل سارڤارۆڤ پاش تەقینەوە.

چەند کاژێرێک دوای گفتوگۆکانی ئەمریکا، جەنەڕاڵێکی رووسی کوژرا

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە باشووری مۆسکۆ، جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای رووسیا کوژرا. رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دێت لە شاری مەیامیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لێکۆڵەرانی رووسیاش پەنجەی تۆمەت بۆ "هێزە تایبەتەکانی ئۆکراینا" رادەکێشن.