رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا داوای لە کۆمپانیای ئۆنلاینی (شیئێن – SHEIN)ـی چینی کردووە، زانیاریی لەسەر بەرهەمەکانی بدات. ئەورووپا لێکۆڵینەوە لە نایاسایی بوونی بەشێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە دەکات. ئەمە دووەمجارە شیئێن دووچاری لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 06-02-2025، کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند: "داوا لە شیئێن دەکەین بەڵگەنامەی ناوخۆیی و زانیاری وردتر، لەسەر مەترسییەکانی پەیوەست بە ناوەڕۆک و کاڵای نایاسایی لە بازاڕەکەیدا پێشکێش بکات."
رێکخەری یەکێتیی ئەورووپا هەروەها داوای زانیاری لەسەر بابەتی دیکەش کردووە، لەوانە "روونی لە سیستمەکانی پێشنیازکردن" و پاراستنی داتای کەسیی بەکاربەران.
کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند: "شیئێن دەبێت زانیارییە پێویستەکان تاوەکو 27ـی شوبات پێشکێش بکات. لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی وەڵامەکان، کۆمیسیۆن رێوشوێنەکانی داهاتوو دیاری دەکات."
ئەم داواکارییە لەوانەیە ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەیەک لەژێر یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا (DSA)، کە یاسایەکی گەورەیە و گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای جیهان ناچار دەکات کاری زیاتر بۆ پاراستنی بەکاربەرانی ئەورووپی بکەن.
کۆمپانیای شیئێن لە تشرینی یەکەمی 2008 لە چین دامەزراوە و پێشتر ناوی (ZZKKO) بوو. کۆمپانیاکە زیاتر کار لە بواری جل و بەرگ دەکات و لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش خەڵکێکی زۆر کڕیاری بەرهەمەکانین. قازانجی شیئێن لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 32 ملیار بوو و زیاتر لە 16 هەزار کارمەندی هەیە.
کۆمپانیا چینییەکە رایگەیاند: " شیئێن هاوبەشی ئامانجی کۆمیسیۆنە بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکاربەرانی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن بە ئارامی کڕین لە ئۆنلاین بکەن، داواکارییەکەمان وەرگرتووە و کار بۆ وەڵامدانەوەی خێرا دەکەین."
دوای راگەیاندنی لێکۆڵینەوەکە، کۆمپانیاکە رایگەیاند "هاوکاری"ـی هاوبەشەکانی لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا و حکومەتە نیشتمانییەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ