رووداو - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، کار لەسەر ئاسانکاریکردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی سووریا و پێنج وڵاتی دیکە دەکەن.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی رووسیا لەسەر زاری ئێڤگێنی ئیڤانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئێستا وڵاتەکە کار لەسەر ئاسانکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە هەریەکە لە سووریا، ئەنگۆلا، ڤێتنام، ئیندۆنیزیا و فلیپین دەکات.
پێشتر، ئیڤانۆڤ گوتی، رووسیا کار لەسەر رێککەوتنی نێوان حکومەتەکان دەکات سەبارەت بە گەشتی بێ ڤیزا لەگەڵ 11 وڵات، لەنێویدا سعودیە، باربادۆس، هایتی، زامبیا، کوێت، مالیزیا و مەکسیک.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی رابردوودا، رووسیا هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، هیندستان و وڵاتانی ئەفریقای داوە.
ئەگەر چی ئەمریکا، ژاپۆن و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە دژی هێرشی رووسیان بۆ سەر ئۆکراینا و سەرکۆنەی جەنگەکەیان کردووە و سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، هەریەکە لە چین و هیندستان هەنگاوی لەو جۆرەیان نەناوە.
هاوکات، سووریاش کە بە هاوپەیمانێکی نزیکی رووسیا دەبینرێت، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەوە تۆمەتباردەکرێت کە "بەکرێگیراو" دەنێرێتە ئۆکراینا "بۆ ئەوەی شەڕ بۆ رووسیا" بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ