رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەلبانیا لە ئەورووپا دەڵێن، لە چەند رۆژی داهاتوو یاسایەک پەسند دەکەن و ئەپی تیکتۆک بەیەکجاری دادەخەن. ئەمەش دوای ئەوەی سێ مانگ لەمەوبەر مێرمنداڵێک کوژرا و ئەپەکە قەدەخەکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025، ئۆگێرتا ماناستیرلیو، وەزیری پەروەردەی ئەلبانیا رایگەیاند: "دەسەڵاتدارە بەتواناکانمان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و سەکۆکانی تەکنەلۆژیا، رێوشوێنی پێویست بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم یاسایە دەگرنە بەر، کە لەوانەیە چەند رۆژێک یان هەفتەیەکی پێبچێت."
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 قەدەخەی خستەسەر تیکتۆک. هۆکاری قەدەخەکردنەکە ئەوەبوو، مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لەگەڵ مێرمنداڵێکی دیکە لە تیکتۆک دەبێتە شەڕە قسەیان، دواتر لەسەر هەمان کێشە دەبێتە شەڕی دەستەویەخەیان. تەمەن 14 ساڵەکە لە شەڕەکە کوژرا و ئەوەکەی دیکە برینداربوو.
کوژرانی ئەو منداڵە بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی زۆر لەنێوان دایک و باوکان، دەروونناسان و دامەزراوە پەروەردەییەکان، بەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی زۆری نەرێنییان لەسەر گەنج و لاوان هەیە.
لە نامەیەک کە لە ئێکس بڵاویکردەوە، راما گوتی، دوای راوێژکردن لەگەڵ هەزاران مامۆستا و دایک و باوک، گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیای تیکتۆک بەردەوامە.
راما نووسی: "بڕیاری راگرتنی تیکتۆک دوای قسەکردن لەگەڵ 65 هەزار دایک و باوک و مامۆستای وڵاتەکە دێت. لەگەڵ تیکتۆک دەستمان بە گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی کردووە، بەم زووانە نوێنەرەکەیان دێتە ئەلبانیا، بۆ ئەوەی زنجیرەیەک رێوشوێنمان لەسەر پاراستنی منداڵان پێبدەن، کە بە زمانی ئەلبانین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ