لێکۆڵەرانی ئەمریکی: سوپا بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەکی کچان لە ئێران

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی سوپای ئەمریکا  "ئەگەری زۆرە" هێزەکانی ئەمریکا بەرپرس بن لەو هێرشەی کرایە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە شاری میناب لە باشووری ئێران، کە بەهۆیەوە دەیان منداڵ بوونە قوربانی.
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لێکۆڵەرە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەری تێوەگلانی هێزەکانی ئەمریکا لەو هێرشەدا "بەهێزە"، بەڵام تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
 
قوتابخانە کچانەکەی شاری میناب بە ناوی شەجەرە تەیبە لە پارێزگای مازندەران لە باشووری ئێران، رۆژی شەممەی رابردوو (28ی شوبات) لە یەکەم رۆژی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرایە ئامانج. عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف رایگەیاندووە، لەو هێرشەدا 150 قوتابی گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا سەرچاوە سەربەخۆکان ئاماری کۆتایی قوربانییانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رۆژی چوارشەممە دانی بەوەدا نا کە سوپا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو رووداوە و گوتی: "ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین. بێگومان ئێمە هەرگیز ئامانجی مەدەنی ناپێکین، بەڵام چاودێری دەکەین و لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین کە چی روویداوە."
 
هاوکات کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی گوتی: "لە کاتێکدا وەزارەتی جەنگ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکات، بەڵام دەبێت بزانرێت رژێمی ئێران مەدەنی و منداڵان دەکاتە ئامانج، نەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
 
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لای خۆیەوە رایگەیاند، ئەمریکا بە ئەنقەست قوتابخانە ناکاتە ئامانج و ئەگەر هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە بووبێت، وەزارەتی جەنگ لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات.
 
لەو هێرشە هاوبەشانەی کراونەتە سەر ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامانجەکانیان دابەشکردووە؛ ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر پێگە مووشەکییەکان لە رۆژئاوای ئێران، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجە سەربازی و دەریاییەکان لە باشووری ئێران (ئەو ناوچەیەی قوتابخانەکەی لێیە).
 
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر وردەکاریی ئەو چەک و تەقەمەنییانە نەداوە کە لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون، بە بیانووی ئەوەی لێکۆڵینەوەکان هێشتا تەواو نەبوون.
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێرانیش دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و تائێستا بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت لە ئەنجامی هێرشەکانیان 49 بەرپرس و فەرماندەی باڵای ئێرانیان کوشتوون، لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی بەریتانیا

بەریتانیا چوار کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئێران دەستگیر کرد

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی، کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، دەستگیر کردووە. گومانلێکراوەکان چاودێریی شوێن و کەسایەتییەکانی سەر بە کۆمەڵگەی جووەکانیان لە لەندەن کردووە.