رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 35 هەزار ساڵ لەمەوبەر، پیاوێک لە نەژادی ئەفریقی، لەو شوێنەی کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت میسر، گیانی لەدەستدا. ئەم پیاوە کە 32 هەزار ساڵ پێش یەکەمین فيرعەون ژیاوە، کەس نازانێت کێ بووە، چ کارە بووە و لە چ کۆمەڵگەیەکدا ژیاوە. تاکە سەرەداو کە لە بارەیەوە هەبووبێت، ئەو تەورە بوو کە لە زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئێسک و پروسکەکانی لە شوێنەوارێکی دۆڵی نیل لە میسر دۆزرایەوە.
ئەگەرچی وردەکاری لە بارەی ژیانییەوە نازانرێت، مردنەکەی بە رووداوێکی هەرە گرنگ لە شوێنەوارناسیدا دادەنرێت. ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەم پیاوە، کە باڵای مەترێک و 61 سەنتیمەتر و تەمەنی لە نێوان 17 بۆ 29 ساڵ بووە، بە کۆنترین ئێسکە پەیکەری مرۆڤ دادەنرێت لە میسر دۆزرابێتەوە و یەکێکە لە کۆنترینەکانی جیهانیش.
ئەوەی بایەخێکی زۆری هەیە، ئەوەیە کە ئێسکی کەللـەسەری بە پتەوی ماوەتەوە.
ئێستا، 43 ساڵ دوای دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەرەکەی، زانایانی بەرازیلی پڕۆسەیەکیان بەکارهێناوە کە پێی دەگوترێت فۆتۆگرامێتری، بۆ ئەوەی بە شێوەی دیجیتاڵی پێشانی بدەن رووخساری پیاوەکە چۆن بووە. لێکۆڵینەوەکەیان کۆتایی مانگی رابردوو بە زمانی پۆرتوگالی بڵاوکرایەوە. ئەنجامەکەی ئەو وێنەیە بووە کە لەسەرەوە دەیبینن.
مواسیر ئیلیاس سانتۆس، هاونووسەر و شوێنەوارناس بە گۆڤاری Live Scienceـی گوتووە: "زۆربەی ئێسکەکانی ئێسکەپەیکەرەکە بە پارێزراوی ماونەتەوە، ئەگەرچی هەندێ زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئەو شتەی کە بۆ نزیکبوونەوە لە شێوەی رووخساری گرنگ بوو، واتە ئێسکی کەللـەسەرەکەی زۆر بە باشی مابووەوە."
بە پێکەوەنانی وێنەی وردی ئێسکەکانی، زانایان دوو وێنەیان دروستکردن (بڕوانە سەرەوە): یەکێکیان رەش و سپی، کە وێنەیەکی سادەیە، ئەوەی دیکەشیان وێنەیەکی راستەقینە-ئاساترە و قژ و مووی روخساری هەیە.
لێکۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە شێوازی ئەندازەیی ئێسکی کەللـەسەری پیاوەکە تا رادەیەکی زۆر وەک ئەوەی مرۆڤی سەردەمی ئێستا بووە، بەڵام ئێسکی شەویلگەکەی زۆر لەوەی ئێمە بەهێزتر بووە.
پڕۆسەی فۆتۆگرامێتری کە بریتییە لە دۆزینەوەی زانیاری لە بارەی مرۆڤ، شوێنەوار و ژینگە بە شیکردنەوە و لێکدانەوەی وێنەی فۆتۆگرافی، تەکنیکێکی نوێ نییە، بەڵکو ماوەی چەندین دەیەیە بەکاردەهێنرێت، بەڵام تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی ئێستا تەکنیکەکەیان زیاتر گەشەپێداوە و بەرەوپێشبردووە، بە جۆرێک کە فۆتۆگرامێتری دەتوانێت زۆر بە ئاسانی وێنەی دوو رەهەندی بگۆڕێت بۆ وێنەی سێ رەهەندی و وردەکارییەکان بە شێوەیەکی نزیک لە راستەقینە، پێشانبدات.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زانایان هەوڵیانداوە بە شێوەی دیجتاڵی وێنەی مرۆڤی بەبەردبوو دروستبکەنەوە.
ساڵی 2016، لە زانکۆی گڵاسگۆی سکۆتلاند، بە پشتبەستن بە ئێسکی کەللـەسەرەکەی، توانییان وێنەی شا رۆبەرت برووس، شای سەدەی چواردەیەمی سکۆتلاند، دروستبکەنەوە. لە ساڵانی دواتریشدا، لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان چەندین هەوڵی لەو شێوەیە دران.
ئەو زانا بەرازیلییانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پیاوە میسرییەکە کردووە، دان بەوەدا دەنێن کە وێنە دیجتاڵەکەیان تەنیا نزیکبوونەوەیەکە لە وێنەی راستەقینەی پیاوەکە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەمەنێکی ئێجگار زۆری هەیە، ئەم هەوڵەیان بۆ دروستکردنەوەی رووخساری یارمەتی زانایان دەدات لە بەشێکی گرنگی مێژووی مرۆڤ و گەشەسەندنی تێبگەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ