رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی ڤیزەی لۆتەریی ئەمریکا راگەیێندرا و گرین کارد بە 55 هەزار کەس دەدرێت، بەڵام ئەوەش بێ ئاستەنگ نییە.
ساڵانە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان فۆرمی ڤیزەکە پڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی گرین کاردی ئەمریکی، یاخود مافی کۆچکردن بۆ ئەمریکا و مانەوە لەو وڵاتە وەربگرن.
ئەوانەی داواکەیان پێشكێشکردووە، دەتوانن لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامەکەیان وەربگرنەوە.
لە ماڵپەڕەکەدا، پێویستە ئەو کۆدە بنووسرێت کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بە داواکار دراوە، لە ئەگەری ونکردن یان لە بیرچوونەوەی کۆدەکە، بە چەند هەنگاوێک لەسەر ماڵپەڕەکە، دەکرێت کۆدەکە وەربگیرێتەوە.
ساڵانە لە رێگەی ئەم بەرنامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گرین کارد بە 55 هەزار کەس دەدرێت. وەکو وەزارەتەکە باسی دەکات، هەڵبژاردنی براوەکان لە رێگەی تیروپشکی کۆمپیوتەرییەوە دەکرێت.
بەڵام بردنەوەی ڤیزەکە بە واتەی مسۆگەرکردنی مافی کۆچکردن بۆ ئەمریکا نایەت، چونکە کۆمەڵێک رێکار هەن کە دەکرێت ببنە بەربەست:
شکستهێنان لە چاوپێکەوتنی ڤیزەکە
دوای هەڵبژاردنیان، داوا لە براوەکان دەکرێت بۆ چاوپێکەوتن بڕۆنە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی گونجاوبوونی خۆیان بۆ چوونە ئەمریکا بسەلمێنن. بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە سەرنجیان بە دیاریکراوی لەسەر پشتڕاستکردنەوەی راستی و دروستیی ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانە دەبێت، کە داواکار لە فۆڕمەکەیدا پێشكێشیکردوون.
زۆربەی ئەو براوانەی چانسی کۆچکردن بۆ ئەمریکا لەدەستدەدەن، لەم قۆناخەدا لەدەستی دەدەن. هۆکارەکە دەکرێت پێدانی زانیاریی هەڵە بێت لەسەر باری خێزانی، یان نەبوونی پێشینەیەکی پاک لە تاوان.
نەبوونی توانای دارایی بۆ درێژەدان بە پرۆسەی وەرگرتنی گرین کارد
بردنەوەی ڤیزەی لۆتەری، دەستپێکی پڕۆسەیەکە کە پێویستی بە پارەیە. بردنەوەی لۆتەرییەکە بە واتەی ئەوە نایەت راستەوخۆ دەڕۆیتە ئەمریکا، چونکە دەبێت بۆ هەرکەسێک 330 دۆلار پارەی ڤیزەکە، 300 بۆ 400 دۆلاری دیکە پارەی رسووماتی پزیشکی، هەروەها پارەی تیکتی فڕۆکە بدەیت. جگە لەوە، 200 دۆلاری دیکەش پارەی گرین کاردەکەت لێ وەردەگیرێت.
هەروەها ئەگەر کەسێکت لە ئەمریکا نەبێت لەخۆت بگرێت، پێویستت بە بەکرێگرتن یان کڕینی شوێنێکە بۆ مانەوە، کە رەنگە بە هەرزانی دەستت نەکەوێت.
لەپاشبوونی ژمارەی دۆسیەکە
براوەکانی ڤیزەی لۆتەریی ئەمریکا، ژماریەکیان پێ دەدەرێت کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە بزانرێت براوەکە کەی بانگهێشتی چاوپێکەوتنەکە دەکرێت. ئەگەر ژمارەکە زۆر لەپاش بێت، بەدەستهێنانی چاوپێکەوتنەکە ئەگەری کەمتر دەبێت یانیش دوا دەکەوێت. ڤیزەی لۆتەری ساڵانە بە 55 هەزار کەس دەدەرێت، بۆ نموونە ئەگەر ژمارەی دۆسیەکەت 100,000 بێت، چانسی تۆ بۆ بەدەستهێنانی چاوپێکەوتنەکە بەراورد بە خاوەنی دۆسیەی ژمارە 5,000 کەمترە.
ئەگەر وڵاتەکەت نەگرێتەوە
ئەو وڵاتانەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتییان کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا، ئەم بەرنامە نایانگرێتەوە. ئەمساڵ ڤیزەکە عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەم وڵاتانە ناگرێتەوە: بەنگلادش، بەرازیل، کەنەدا، چین، کۆڵۆمبیا، کۆماری دۆمینیکان، سلڤادۆر، هایتی، هیندوراس، هیندستان، جامایکا، مەکسیک، نایجیریا، پاکستان، فیلیپین، کۆریای باشوور، بەریتانیا، ڤەنزوێلا و ڤێتنام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ