رووداو دیجیتاڵ
پارتی پارێزگارانی فرێدریش مێرتز، راوێژکاری دەستنیشانکراوی ئەڵمانیا و سۆسیال دیموکراتە چەپە میانڕۆکان بە فەرمی واژۆیان لەسەر رێککەوتنی هاوپەیمانی کرد، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، مێرتز سوێندی یاسایی بخوات و حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکبهێنرێت.
مێرتزی تەمەن 69 ساڵ، هاوسەرۆکی هاوپەیمانێتیی CDU/CSUـە، رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) واژۆکردووە. پێکەوە بەڵێنیانداوە ئابووریی ئەڵمانیا ببوژێننەوە و سوپای وڵاتەکە تۆکمەتر بکەنەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی خستووەتە سەر داهاتووی پەیوەندییە بەرگری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لای زەریای ئەتڵەسی.
مێرتز بەڵێنی داوە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات و نەهێڵێت پارتی دژە کۆچبەریی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) باڵادەست بێت، کە لە هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی مانگی شوباتدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
مێرتز کە خاوەنی پاشخانێکی بەهێزی بازرگانییە، بەڵام ئەزموونی لە سەرکردایەتیکردنی حکومەتدا نییە، لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەی رۆژی دووشەممەدا بەڵێنی "حوکمڕانییەکی بەهێز، بە نەخشە داڕێژراو و جێی متمانە"ی دا.
رێککەوتنی هاوپەیمانییەکە کە 144 لاپەڕەیە و بە ناونیشانی "بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەڵمانیا"یە، نەخشەڕێی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی هاوپەیمانیی دوو پارتە گەورە و سەرەکییە نەریتییەکەی وڵاتەکە دەخاتەڕوو.
لە رێککەوتنەکەی نێوان پارتە ئەڵمانییەکاندا، سەرنج خراوەتە سەر چەندین سیاسەت و پلانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا، لەوانەش:
1- سیاسەتی کۆچبەری
بڕیاری خێراتر: سیستمی وەرگرتنی داواکاریی پەنابەری خێراتر و کاریگەرتر دەکرێت، پرۆسەکە پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا تەواو ببێت. ئەو پەنابەرانەی کە ماوەیەکی زۆرە تێکەڵی کۆمەڵگە بوون و هیچ کێشەیەکیان نەبووە و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن، دەرفەتی زۆرتریان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی یەکجارەکی هەیە، بەبێ رەچاوکردنی تەمەن یان چەندە لە وڵاتەکە ماونەتەوە. کۆچبەرانی گەنج کە توانای ئەوەیان هەیە تێکەڵی کۆمەڵگەکە ببن، لە پرۆسەی وەرگرتنی پەنابەری ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
جێبەجێکردنێکی تووندتری یاسا: حکومەت پشکنین و یاسای تووندتر لەبارەی ساختەکاری و کاری نایاسایی پەنابەران جێبەجێ دەکات. دەسەڵاتداران باشتر و کاریگەرتر زانیاری لەنێوان یەکدی ئاڵوگۆڕ دەکەن، دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوانەی یاساشکێنی دەکەن رێگەیان پێنادرێت جارێکی دیکە بێنەوە نێو وڵاتەکە. حکومەت هەموو کارێک بۆ راگرتنی مامەڵەی خراپ دەکات.
پشتگیریی نێوخۆیی: ئەو شارانەی کۆچبەری زۆر روویان تێدەکەن، بەتایبەت شارە گەورەکان، زووتر دەستیان بە پارە و بودجەی حکومەت دەگات بۆ خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێکردن، چاودێریی تەندروستی و پرۆگرامەکانی تێکەڵکردنە کۆمەڵگە.
کارامەیی و مەشق: ئەڵمانیا رێکارەکانی دەستەبەرکردنی مەشق و راهێنان خێراتر دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەوێ بە زوویی مەشق و راهێنان لەسەر ئەو کارەی پێیاندەسپێردرێت، وەرگرن.
2- سیاسەتی ناردنی هاوکاری بۆ دەرەوە
هاوکاریی دەرەوە و وەڵامدانەوەی قەیران: ئەڵمانیا پارێزگاریی لە کاری رێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییەکان دەکات، ئەمە جگە لە کارکردن لەسەر وەڵامدانەوەی قەیرانە، ئەو وەڵامدانەوەیە ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکرایناش دەگرێتەوە، لەوانەش پەناگە، چاودێریی تەندروستی و پاککردنەوەی مین.
ئەڵمانیا بەرەوپێشبردنی هاوکاری، دیپلۆماسی و پرۆگرامە کولتوورییەکان لەگەڵ پشتگریی سەربازی لێکدەدات بۆ ئەوەی رێگە لە ململانێ و تەنگژەکان بگرێت و یارمەتیی بووژانەوەی وڵاتەکان بدات. بۆ نموونە بۆ ئۆکراینا، ئەمە بە مانای بنیاتنانەوە و پشتگیریکردنی حکومەتەکەی و دەستەبەرکردنی یارمەتیی ئەمنییە بۆ کیێڤ.
هەموو پرۆگرامەکانی تایبەت بە کۆمەکی دەرەوە ئامانجیان "مافی مرۆڤ، یەکسانیی رەگەزی، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی کۆمەڵایەتی"ـیە. ئەڵمانیا سەرنج دەخاتە سەر یارمەتیدانی وڵاتە هەژار و لەرزۆکەکان و دووبارە بووژاندنەوەی ژێرخانەکانیان.
3- سیاسەتی دەرەوە
یەکگرتوویی ئەورووپا و ئەوبەر زەریای ئەتڵەسی: ئەڵمانیا پابەندی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا دەبێت، لە نزیکیشەوە لەسەر ئاسایش، بازرگانی و بەرگری لە دیموکراسی، کار لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە ئەورووپییەکان دەکات. ئەڵمانیا پشتگیریی لە وڵاتانی رۆژئاوای باڵکان دەکات، کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکان، ببنە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. ئەڵمانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاش بەهێزتر دەکات، لە ئەگەری بە ئەندامنەبوونی تورکیاش، هاوبەشییەکی نزیکی لەگەڵ دروستدەکات.
ئەڵمانیا کار لەسەر هەوڵەکانی چاکسازیکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و هەوڵی فراوانترکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەکە دەدات، ئەمە جگە لە زیادکردنی بودجەی سەربازە ئاشتیپارێزەکانی، هەروەها هەوڵی بەدەستهێنانی کورسییەکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بۆ یەکێتیی ئەورووپا.
ئەڵمانیا کار لەسەر نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان، راگرتنی ئەشکەنجەدان و کوشتنی ناڕەوا دەکات، هەروەها بە بەهێزییەوە پشتگیریی لە ستراتیژییەتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ دەکات، چ لە نێوخۆی ئەڵمانیا یان لە دەرەوە.
4- سیاسەتی بەرگری
سوپای ئەڵمانیا پابەندی بەها و بنەما دیموکراسییەکان دەبێت، ژمارەی سەربازە چالاکەکانی لە 185 هەزار دەهێڵێتەوە و تەنیا لە دۆخی پێویستدا ژمارەکە زیاد دەکات.
ئەڵمانیا تەنیا ئەو شتانە دەکڕێت کە پێویستییەتی، لەوانەش چەک و تەقەمەنی، بە گرێبەستی جیدی و کۆنتڕۆڵی تەواوی بودجە. سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی چەکی گەورە باشتر دەکرێت. ئەڵمانیا لە دژی هێرشی درۆنە نایاساییەکانە، هەر چەکێکی نوێش بکڕێت پشکنینی تەواوی بۆ دەکات.
لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆرتری سەربازانی ئەڵمانیا دەچنە نێو ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا؛ ئەرکە سەربازییە تایبەتەکان بە نهێنی دەمێننەوە، بەڵام پێویست راپۆرت بدەنە پەرلەمان.
ئەڵمانیا جەخت لە تێکەڵکردنێکی بەهێزتری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکاتەوە، کە پەرلەمان سەرپەرشتی بکات، لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشیش کار لەسەر پڕۆژەی بەرگریی هاوبەش دەکەن.
ئەڵمانیا پارێزگاری لە خێزان و منداڵی سەربازەکان دەکات و ئاسانکاریی زیاتریان لە خزمەتگوزارییەکان بۆ دەکرێت.
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا
- فرێدریش مێرتز: راوێژکاری دەستنیشانکراوە و هاوسەرۆکی پارتی CDU/CSUـە و بڕیاری کۆتایی لە کابینەکە دەدات.
- لارس کلینگبێل: چاوەڕوان دەکرێت هەردوو پۆستی جێگری راوێژکار و وەزیری دارایی وەربگرێت. کلینگبێل لە پارتی SPDـیە و تەمەنی 47 ساڵە.
- بۆریس پیستۆریۆس: وەزیری بەرگریی کابینەی پێشووە و لە پارتی SPDـیە، چاوەڕوان دەکرێت لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. پیستۆریۆس لەکاتی زیادبوونی تەنگژەکانی نێوان ئەورووپا و رووسیا، رۆڵی بەرچاوی هەبوو.
- ئەلیکساندەر دۆبریندت: لە پارتی CSUـە و بەربژێری بەهێزی وەزیری ناوخۆیە.
- ستێفانی هوبیگ: لە پارتی SPDـیە و پێشتر وەزیری پەروەردەی هەرێمی راینلاند-پالاتینایت بوو، وەک وەزیری داد دەستنیشانکراوە.
- جۆوان وادفول: لە پارتی کریستیان دیموکراتە (CDU) و چاوەڕوان دەکرێت پۆستی وەزیری دەرەوە وەربگرێت.
- باربل باس: لە SPDـیە و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا بوو، وەکو وەزیری کار دەستنیشانکراوە.
- کارین پرێن: لە پارتی CDUـە و ئێستا وەزیری پەروەردەی هەرێمی شلێسویگ-هۆلشتاینە؛ چاوەڕوان دەکرێت بکرێتە وەزیری پەروەردە، خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان.
- ریم ئەلابالی رادۆڤان: لە پارتی SPDـیە و وەکو وەزیری گەشەپێدان دەستنیشانکراوە.
- ڤێرێنا هوبێرتز: لە پارتی SPD بۆ پۆستی وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە دەسنیشانکراوە.
دابەشکردنی وەزارەتەکان
- پارتی CDU 7 وەزارەت: کاروباری ئابووری و وزە؛ دەرەوە؛ تەندروستی؛ گواستنەوە؛ خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان؛ پەروەردە؛ بە دیجیتاڵکردن و بە مۆدێرنکردنی دەوڵەت.
- پارتی SPD 7 وەزارەت: دارایی؛ داد؛ کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ بەرگری؛ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا؛ نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە.
- پارتی CSU 3 وەزارەت: ناوخۆ؛ کشتوکاڵ؛ توێژینەوە، تەکنەلۆژیا و بۆشایی ئاسمان.
ئەمڕۆ سێشەممە 06-05-2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا کاژێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر کۆدەبنەوە و بڕیارە فرێدریش مێرتز وەک 10یەم راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێرن. دوای ئەو دانیشتنە؛ فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا دەنگدانەکە پەسەند دەکات و کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ مێرتز سوێندی یاسایی دەخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ