رووداو دیجیتاڵ
بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری یارییە ڤیدیۆییەکان، Rockstar Games، ترەیلەری فەرمیی دووەمی یاریی چاوەڕوانکراوی (GTA6)ی بڵاوکردەوە.
بڵاوبوونەوەی ترەیلەرەکە لەکاتێکدایە ماوەیەکی کەم پێش ئێستا کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو، بڵاوکردنەوەی یارییەکە دوادەکەوێت و لە ساڵی 2026 دەکەوێتە بازاڕەوە.
ترەیلەرەکە لەسەر PlayStation 5 تۆمارکراوە، وردەکاریی زیاتر لەبارەی چیرۆکی سەرەکیی یارییەکە دەخاتەڕوو. چیرۆکەکە بە دەوری دوو کارەکتەری سەرەکی دەسووڕێتەوە بە ناوەکانی جەیسن (Jason) و لوسیا (Lucia).
کۆمپانیای Rockstar لە باسی چیرۆکی یارییەکەدا رایگەیاندووە، "جەیسن و لوسیا هەمیشە زانیویانە کە شانسیان نییە، بەڵام کاتێک بەئاسانی دەستکەوتنی پارەیان لێتێک دەچێت، خۆیان لە تاریکترین شوێنی شارێکی ئەمریکا دەبیننەوە کە زۆرترین کات خۆری لێنابڕێت."
هەروەها کارەکتەرەکان خۆیان لە نێوەندی پیلانگێڕییەکدا دەبیننەوە کە باڵی بەسەر تەواوی ویلایەتی لیۆنیدا کێشاوە، ئەوان ناچار دەبن زیاتر لە جاران پشت بە یەکدی ببەستن ئەگەر بیانەوێت بە زیندوویی بمێننەوە.
هاوکات، وێبسایتی فەرمیی یاریی GTA 6ی کۆمپانیای Rockstar ئێستا نوێکراوەتەوە و زانیاریی نوێ و زۆری تێدان لەبارەی جیهانی یارییەکە کە لە شاری ڤایس (Vice City) و ناوچەکانی دەوروبەری روودەدات.
بڵاوبوونەوەی ئەو ترەیلەرە، سەرەڕای هەواڵی دواخستنی یارییەکە، ئومێدی بۆ هەوادارانی یارییەکە گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ