رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی هەزار و 500 سەربازیی ئۆکراینی کوشتووە و 8 تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانیای تێکشکاندووە.
وەزارەتەکە دەڵێت: "زیانی هێزەکانی ئۆکراینا لە باشووری هەرێمی دۆنێتسک پێکدێن لە [کوژرانی] هەزار و 500 سەرباز، لەنێوچوونی 28 تانک کە هەشتیان لیۆپاردی ئەڵمانین، 3 تانکی فەرەنسیی АМХ-10، لەگەڵ 109 زرێپۆشی شەڕکەر."
کیێڤ تاوەکو ئێستا زیانەکانی پشتڕاستنەکردوونەتەوە. بەڵام دوو رۆژ لەمەوبەر هۆشداریدا کە ئامار و جموجۆڵەکانی هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی بڵاوناکاتەوە.
رووسیا وێنەی هێرشەکانی 5ی حوزەیرانی بۆ سەر هێزەکانی ئۆکراینا بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لانیکەم دوو زرێپۆشی فەرەنسیی АМХ-10 تێکشکێنراون.
پۆڵەندا لە 24ی شوباتی ئەمساڵ، یەکەمین کاروانی تانکی لیۆپاردی بۆ کیێڤ نارد، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هاوپەیمانەکانی دیکەی ئۆکراینا تانکی زیاتری بۆ بنێرن.
دوای گوشاری واشنتن، بەرلین رازیبوو مۆڵەت بە وڵاتە کڕیارەکانی بدات تانکەکانیان بە ئۆکراینا بدەن. بەریتانیاش مۆڵەتی دا کە تانکی چاڵێنجەر دووی بۆ ئۆکراینا بنێردرێن، کە تاوەکو ئێستا 14 دانەیان گەیشتوونەتە دەستی کیێڤ.
واشنتیش لەهەمان کاتدا رێگەیدا وڵاتان تانکی ئەبرامزی ئەمریکی بە ئۆکراینا بدەن. بە گوێرەی نوێترین داتاکانی کیێڤ، 31 تانکی ئەبرامز ئێستا لە ئەوروپان و سەربازانی ئۆکراینی راهێنانیان لەسەر دەکەن.
ئەمە یەکەم جار نییە رووسیا تێکشکاندنی تانکی لیۆپارد رادەگەیێنێت. وێڕای ئەوەی کە کیێڤ پشتڕاستینەکردووەتەوە، هێزەکانی رووسیا پێشتر رایانگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵ لە هەرێمی دۆنێتسک دوو تانکی لیۆپارد تێکشکێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ