رووداو دیجیتاڵ
فیلێک لە باکووری رۆژهەڵاتی تایلەند چووە نێو فرۆشگەیەک و چەندین پاکەت بیسکویت و بڕێکی زۆر برنجی خوارد.
گرتە ڤیدیۆیەکی فیلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا بە هێواشی دەچێتە نێو فرۆشگەیەکی بچووک و دەست بە خواردنی شتەکانی نێوی دەکات.
فرۆشگەکە دەکەوێتە ناوچەی پاک جۆنگ، کە نزیکەی سێ کاژێر لە بانگکۆکی پایتەختەوە دوورە.
وەکو لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، فیلەکە بۆ 10 خولەک لەنێو فرۆشگەکە دەمێنێتەوە، بیسکویت و شیرینی و برنج دەخوات.
هەرچەندە خەڵکی تایلەند رۆژانە فیل لە شەقامەکان دەبینن، بەڵام کەم رێکدەکەوێت فیل بچێتە نێو فرۆشگەکانەوە.
یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە کۆمێنتێکی ڤیدیۆکەدا نووسیویەتی:، "چیت پێویستە با لە خزمەتدا بین؟" هەندێکی دیکەش بە گاڵتەوە داوای دەستگیرکردنی فیلەکە دەکەن و بە تاوانبار دەیناسێنن.
زیاتر لە 4000 فیل لە تایلەند هەن، بەڵام چەند ساڵێکە بەهۆی گەورەبوونی شارەکانەوە بەریەککەوتنی نێوان مرۆڤ و فیل زیاتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ