رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت، رەنگە دۆناڵد ترەمپ ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی بفرۆشێت یان بیبەخشێت.
رۆژی هەینی، 6ی حوزەیرانی 2025 بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەبارەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی ترەمپ پرسیاری لێکرا، گوتی، ترەمپ بیر لە فرۆشتن یان بەخشینی ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە.
نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییە سوورەکەی ترەمپ 80 هەزار دۆلارە و لە گەراجی کۆشکی سپیدا پارک کراوە، ئەوەش رۆژێک دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی ترەمپ و مەسک هێرشیان کردە سەر یەکدی، پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا زیاتر لە 14% دابەزین، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە نزیکەی 100 ملیار دۆلار لە بەهاکەی لەدەستبدات، بەڵام لە ئەمڕۆ هەینییەوە پشکەکانی کۆمپانیاکە دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد.
ترەمپ کە رێگەی پێنادرێت وەک سەرۆک شۆفێری بکات، لە ئاداری ئەم ساڵدا وەکو پاڵپشتییەک بۆ کۆمپانیای تێسلا، ئۆتۆمبێلێکی کڕی، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەهۆی رۆڵی مەسکەوە لە کەمکردنەوەی هەلی کار لە حکومەتی ئەمریکادا، کۆمپانیاکە زیانێکی زۆری بەرکەوت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو کاتە ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆشکی سپی نمایش کرد، بە "بەرهەمێکی" نایاب ناوی برد.
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی و مارگۆ مارتن، راوێژکاری پەیوەندییەکانی ترەمپ هەفتەی رابردوو وێنەیەکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا گرتبوو.
مارگۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "تێسلاکەی سەرۆک ترەمپمان بۆ گەشتێک بردە دەرەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ