شەڕی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین؛ 'ترەمپ بیر لە فرۆشتنی تێسلاکەی دەکاتەوە'

06-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک
دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چی روودەدات کاتێک دەوڵەمەندترین کەس و بەهێزترین سیاسەتڤان دەکەونە شەڕێکی قورس و بێ پسانەوە؟ جیهان خەریکە ئەوە دەبینێت و لە دیمەنێکی خۆشیش ناچێت، بەتایبەتی بۆ ئەمریکییەکان.
 
پێکەوەبوونی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، سەرۆکی دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان لەگەڵ دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، وادەردەکەوت هاوڕێیەتییەکی نموونەیی بێت، بەڵام 10 رۆژی رابردوو شایەتی ئەوە بوو کە پەیوەندیی ئەو دووانە لە ناکۆکییەکی سادەوە بەرەو دووژمنایەتییەکی سەخت چوو.
 
فرۆشتنی تێسلا 
 
رۆژی هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەبارەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی ترەمپ پرسیاری لێکرا، گوتی، ترەمپ بیر لە فرۆشتن یان بەخشینی ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە.
 
نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییە سوورەکەی ترەمپ 80 هەزار دۆلارە و لە گەراجی کۆشی سپیدا پارک کراوە. ئەوە رۆژێک دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکا دێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی ترەمپ و مەسک هێرشیان کردە سەر یەکدی، پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا زیاتر لە 14٪ دابەزین، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە نزیکەی 100 ملیار دۆلار لە بەهاکەی لەدەستبدات، بەڵام لە ئەمڕۆ هەینییەوە پشکەکانی کۆمپانیاکە دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد. 
 
ترەمپ کە رێگەی پێنادرێت وەک سەرۆک شۆفێری بکات، لە ئاداری ئەم ساڵدا وەک پاڵپشتییەک بۆ کۆمپانیای تێسلا، ئۆتۆمبێلێکی کڕی، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەهۆی رۆڵی مەسکەوە لە کەمکردنەوەی هەلی کار لە حکومەتی ئەمریکادا کۆمپانیاکە زیانێکی زۆری بەرکەوت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەو کاتە ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆشکی سپی نمایشکرد، بە "بەرهەمێکی" نایاب ناوی برد. 
 
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی و مارگۆ مارتن، راوێژکاری پەیوەندییەکانی ترەمپ هەفتەی رابردوو وێنەیەکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا گرتبوو. 
 
مارگۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "تێسلاکەی سەرۆک ترەمپمان بۆ گەشتێک بردە دەرەوە."
 
شەڕی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین
 
لەوانەیە مەسک شەڕەکەی دژی تەواوی حکومەتەکەی ترەمپ نەباتەوە، بەڵام دەتوانێت سەرئێشەیەکی وایان بۆ دروست بکات کە بە باجێکی سیاسی و کەسیی قورس بەسەر ترەمپ و کۆمارییەکاندا بشکێتەوە.
 
ترەمپ، رەنگە ئاگاداری ئەوە بێت، بۆیە وا دەرکەوت کە دوێنێ لە کۆتایی رۆژەکەدا کەمێک تووڕەیی هێوربووبێتەوە. لە کاتی دەرکەوتنێکی گشتیدا لە کۆشکی سپی خۆی لە لێدواندان لەسەر مەسک بەدوور گرت و پەیامێکی لە تروس سۆشیاڵ بڵاوکردەوە کە تیایدا گوتبووی کێشەی نییە مەسک "لێی هەڵبگەڕێتەوە"، بەڵام خۆزگەی خواستبوو چەند مانگێک لەمەوبەر وازی لە خزمەتی حکومی هێنابا.
 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ناکۆکییەکە بەرەو کوێ دەڕوات. لەوانەیە کۆمارییەکانی کۆنگرێس بە زەحمەت بتوانن ئەندامەکانیان لە ریزی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیاساکەی ترەمپەوە بهێڵنەوە، لە کاتێکدا مەسک پشتیوانیی میدیایی و رەنگە دارایی، بۆ ئەوانە دابین دەکات کە لە ریزەکە دەردەچن.
 
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە گرێبەستە حکومییەکانی مەسک کردووە، بەڵام دەشتوانێت ئەو هاوپەیمانانەی مەسک کە هێشتا لە دامەزراوەی دۆج ماون لە ئیدارەکەیدا بکاتە ئامانج یان لێکۆڵینەوەکانی سەردەمی بایدن لە مامەڵە بازرگانییەکانی مەسک سەرلەنوێ هەڵبداتەوە.
 
لەم قۆناغەدا هەموو بژارەکان لەسەر مێزن. 
 
لەم نێوەندەدا، دیموکراتەکان خۆیان لە پەراوێزدا هێشتووەتەوە و بیر لەوە دەکەنەوە چۆن وەڵام بدەنەوە. کەم کەسیان وا دەردەکەون کە پێشوازی لە مەسک بکەنەوە بۆ نێو حیزبەکە کە پێشتر بەخشەرێکی سەرەکیی پارتەکەیان بووە، بەڵام ئەو گوتەیەشمان بیر نەچێت کە دەڵێت، "دووژمنی دووژمنەکەم، دۆستمە."
 
لیام کێر، ستراتیژیستێکی سەر بە دیموکراتەکانە، دەڵێت: "هەر کارێک کە مەسک بیکات و زیاتر بەرەو لای دیموکراتەکان بیبات، زیان بە کۆمارییەکان دەگەیێنێت."
 
چاوەڕێ ناکرێت ئەو ناکۆکییە بەم زووانە کۆتایی بێت. مەسک لە ئێکس نووسیویەتی: "ترەمپ سێ ساڵ و نیوی وەکو سەرۆک ماوە، بەڵام من بۆ ماوەی 40 ساڵ و زیاتر لێرە دەبم."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە