رووداو دیجیتاڵ
یۆنان خەریکی ئامادەکارییە بۆ یاسا و رێوشوێنی زۆر تووند بەرامبەر کۆچبەران. بەپێی ئەو رێوشوێنە نوێیانە، کە بەمزووانە جێبەجێ دەکرێن، دەکرێت هەندێک کۆچبەر بۆ ماوەی دوو ساڵ بخرێنە زیندانەوە.
بەپێی پرۆژەیاسایەک کە ئێستا لە پەرلەمانە و وەزیری کۆچبەری و پەنابەریی وڵاتەکە نێوەڕۆکەکەی ئاشکرا کردووە، هەر کۆچبەرێک داواکاریی پەنابەریی لە یۆنان رەتبکرێتەوە و هەر لە یۆنان مابێتەوە، دەکرێت بۆ دوو ساڵ بخرێتە زیندانەوە.
جگە لەوەش، ئەوانەی بە قاچاخ دەگەنە ئەو وڵاتە، لە سێ مانگ تاوەکو دوو ساڵ زیندانیکردن چاوەڕێیان دەکات.
ماکیس ڤۆریدیس، وەزیری کۆچبەری لە یۆنان دەڵێت، 74 هەزار کۆچبەریان لە ساڵی 2023دا دەستگیر کردووە، کە مافی مانەوە (واتە ئیقامە)یان نەبووە.
لەو ژمارەیە لە کۆچبەرانی دەستگیرکراو، بە گوتەی ئەو وەزیرەی یۆنان، 2500 کەسیان دیپۆرت کراونەتەوە. دەشڵێت، هەندێک کەس دەکرێت تاوەکو سێ ساڵیش بخرێنە زیندانەوە.
حکومەتی یۆنان دەڵێت، ئەو پرۆژەیاسایەی، کە بەپێی چاوەڕوانییەکان لە پەرلەمان تێدەپەڕێت و لەم هاوینەوە کاری پێدەکرێت، کۆکە لەگەڵ یاسا نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە کۆچبەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ