تیمساح و بارۆکە و وێنەی سەیر لە ماڵی سەرۆکی ڤاگنەردا دەدۆزرێنەوە

06-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای یاخیبوونە چەکدارییە شکستخواردووەکەی دژی سوپای رووسیا، وێنەی چەندین شتی سەیر کە دەگوترێت لە ماڵەکەی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەردا دۆزراونەتەوە، بڵاودەکرێنەوە، لە نێویاندا تیمساح، ریش و قژی بارۆکە و وێنەی سەری بڕدراوی دوژمنەکانی پریگۆژین. 
 
رۆژنامەیەکی نزیک لە کرێملن، ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە ساتی هەڵکوتانە سەر ماڵی پریگۆژین لە 24ی حوزەیران پێشاندەدەن، کە ئەو کاتە سەرۆکی ڤاگنەر بە پێی رێککەوتنێک رۆیشتبوو بۆ بێلاڕووس. 
 
هێزەکانی رووسیا ژمارەیەکی زۆری تفەنگ، تەقەمەنی، خشتی زێڕ، تیمساحێکی وشککراو و وێنەیەکی سەری بڕدراوی دوژمنەکانی سەرۆکی ڤاگنەریان لە کۆشکەکەیدا لە سان پیتەرسبۆرگ دۆزیونەتەوە. 
 
هەروەها وێنەکان دۆڵابێک پێشاندەدەن کە ژمارەیەک قژ و ریشی بارۆکەی رەنگ و شێوە جیاوازی تێدایە. لە میدیای نزیک لە حکومەتی رووسیادا ژمارەیەک وێنەی پریگۆژین بڵاوکراونەتەوە کە تێیدا بە قژ و ریشی بارۆکەوە دەردەکەوێت، کە دەگوترێت لە کاتی سەردانیکردنی وڵاتانی دیکە شێوەی خۆی گۆڕیوە. 
 
کوالێتیی بەشێک لە بارۆکەکان زۆر سادەیە، ئەوەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە رەنگە وێنەکان وەک سووکایەتییەک لە لایەن لایەنگرەکانی کرێملنەوە دەستکاریکرا بن، بەڵام لایەنگرانی سەرۆکی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکە دەڵێن، دزەپێکردنی ئەو وێنانە سەرپێچییە لە یاسا تووندەکانی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا، چونکە بازرگانە دەوڵەمەندەکە کاتی خۆی وەک راسپێردراوێکی حکومەت کاریکردووە. 
 
بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئەوە دێن کە ڤاگنەر یاخیبوونی دژی سوپای رووسیا راگەیاند، کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا بە نێوەندگیریی ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، کۆتایی پێ هێنرا؛ ڤاگنەر جووڵەی چەکدارەکانی بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا وەستاند بۆ ئەوەی بە گوتەی پریگۆژین "خوێنی رووسیا نەڕژێت." بەرامبەر پاراستنی گیان و لێخۆشبوون لە خۆی و چەکدارەکانی، پریگۆژین رازی بوو رووسیا جێبێڵێت و بچێتە بێلاڕووس. 
 
رۆژی پێنجشەممە لوکاشێنکۆ بە میدیاکانی گوت، ماوەیەک لەمەوبەر پریگۆژین گەڕاوەتەوە سان پیتەرسبۆرگ. لوکاشینکۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتییەکەی لە مینسک گوتی، "ئەوەی پەیوەندی بە پریگۆژینەوە هەیە، لە سان پیتەرسبۆرگە. دوێنێ قسەم لەگەڵی کرد."
 
دوای ئەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لە بارەی پریگۆژینەوە گوتی، "ئێمە شوێن جموجووڵەکانی ناکەوین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.