رووداو دیجیتاڵ
لە کۆشکی سپیی ئەمریکا، پۆلیس بڕێک کۆکاینی دۆزییەوە. بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاند، کۆکاینەکە لە شوێنێکی کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە، کە تایبەتە بە گەشتیاران.
رۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023 دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، کە ئەرکی پاراستنی شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمریکای لە ئەستۆیە، رایگەیاند، "ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە بڕێک کۆکاین لە کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدن، چەندین جار لەلایەن میدیای ئەمریکی و نەیارەکانی بایدنەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئالوودەی مادەی هۆشبەرە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هێرشی کردە سەر خێزانی جۆ بایدن و کوڕەکەی، بە کێشانی کۆکاینەکە تۆمەتباری کردن و گوتی، "هیچ کەسێک بڕوا بەوە دەکات کە ئەو کۆکاینەی لە کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە جگە لە هەنتەر بایدن کەسێکی دیکە بەکاریهێنابێت؟"
کارین ژان پێر، سکرتێر رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆکاینەکە لە شوێنێکی کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە کە تایبەتە بە گەشتیاران.
کارین ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە پشووی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، سەرۆک و خانمی یەکەم و خێزانەکەیان لە کۆشکی سپی نەبوون؛ ئەوان رۆژی هەینی رۆیشتن و دوێنی گەڕانەوە."
بایدن، بەگوتەی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و فەرمانی کردووە کە پشکنینی پزیشکی بۆ کارمەندانی کۆشکی سپی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ