ئاگری دارستانەکان چەندین هەرێمی ئەڵمانیای گرتووەتەوە؛ سەدان ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان

06-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرانسەری ئەورووپادا، ئاگرکوژێنەوەکان بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگری دارستانەکان لەنێو شەپۆلێکی گەرمای بەتیندا، رۆژی شەممەش ئاگر لە ئەڵمانیا، یۆنان و تورکیا کەوتەوە. پسپۆڕان هۆکاری زۆربوون و تووندبوونی شەپۆلەکانی گەرما لە ئەورووپا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
 
لە ئەڵمانیا، سەدان ئاگرکوژێنەوە بۆ چەندین رۆژە لە هەرێمەکانی تورینگیا و ساکسۆنی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکاندان، کە پارکی سرووشتیی گۆهریشهایدە لە نزیک سنووری براندنبێرگیشی گرتووەتەوە.
 
بەرپرسان رایانگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە نزیکەی 650 کارمەندی فریاگوزاری بڵاوەیان پێکراوە. دەسەڵاتداران لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە هۆشداریی ئاگرکەوتنەوەیان بۆ هاووڵاتییان ناردووە.
 
لە کاتێکدا بەرپرسانی هەرێمی ساکسۆنی دۆخەکەیان بە "تاڕادەیەکی زۆر جێگیر" وەسف کرد، دەسەڵاتدارانی براندنبێرگ رایانگەیاند، خۆیان بۆ ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانەوەی ئاگرەکە ئامادە کردووە.
 
هاوکات لەگەڵ ئەڵمانیا، ئاگرکوژێنەوەکان لە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپاش سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرن. 
 
پسپۆڕان زیادبوونی ژمارە و تووندیی شەپۆلەکانی گەرما لە ئەورووپا بە گۆڕانی کەشوهەواوە دەبەستنەوە و هۆشداری دەدەن کە رووداوی کەشوهەوای لەم شێوەیە لە داهاتوودا زیاتر و زیاتر دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە