رووداو دیجیتاڵ
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ دەڵێت، رووسیا لە سێ مانگدا، سێ هێندەی ساڵێکی تەواوی ناتۆ چەک بەرهەمدێنێت. هۆشداریش دەدات کە ئەگەر وڵاتانی ناتۆ پارەی زیاتر لە بەرگری خەرج نەکەن، دەبێت خۆیان فێری زمانی رووسی بکەن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، رووتە داکۆکی لە بڕیاری زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام بۆ 5% دەکات و دەڵێت، بەبێ سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو رێککەوتنە "هەرگیز" بەدی نەدەهات. دەشڵێت، "ئەگەر خەرجییەکانمان زیاد نەکەین، دەبێت فێری زمانی رووسی ببین."
سکرتێری گشتیی ناتۆ ستایشی ترەمپ دەکات و دەڵێت، "شایەنی هەموو ستایشێکە، چونکە بەبێ سەرکردایەتیی ئەو و بەبێ ئەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، رێککەوتن لەسەر گەیشتن بە 2%ـی ئەم ساڵ و 5%ـی ساڵی 2035، هەرگیز و هەرگیز بەدی نەدەهات."
رووتە رەخنەکان لەبارەی "ماستاوکردن" و "ملکەچکردن"ـی بۆ ترەمپ رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "14 ساڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بووم، بۆیە دەزانم رەخنە چییە، بەڵام گرنگی پێنادەم. لە کۆتاییدا دەبێت ئەرکی خۆم جێبەجێ بکەم، کە پاراستنی یەکڕیزیی ناتۆیە. گەورەترین هاوپەیمانیشمان ئەمریکایە."
لەبارەی گرنگیی ناتۆ بۆ ئەمریکا، رووتە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر دەتەوێت بەرگری لە ئەمریکا بکەیت، دەبێت دڵنیابیتەوە لە پارێزراوبوونی سێ شت: جەمسەری باکووری پارێزراو، زەریای ئەتڵەسیی پارێزراو و ئەورووپایەکی پارێزراو، چونکە رووسیا لێرەیە و بە خێراییەکی باوەڕپێنەکراو خۆی رێکدەخاتەوە. ئەگەر ئەو سێ ناوچەیە پارێزراو نەبن، ئەمریکا کێشەیەکی گەورەی دەبێت."
سەبارەت بە هۆکاری بەرزکردنەوەی رێژەی خەرجییەکانی بەرگری بۆ 5% تاوەکو ساڵی 2035، سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆکارەکەی بۆ "ئاڵنگارییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە" گەڕاندەوە و گوتی، "یەکەم، رووسیایە کە بە خێراییەک خۆی پڕچەک دەکاتەوە کە لە مێژووی هاوچەرخدا وێنەی نەبووە. ئێستا رووسیا لە سێ مانگدا سێ هێندەی بەرهەمی ساڵێکی تەواوی ناتۆ، تەقەمەنی بەرهەم دەهێنێت. رووسەکان لەگەڵ کۆریای باکوور، چین و ئێران کاردەکەن."
رووتە روونیکردەوە کە 3.5%ـی خەرجییەکان بۆ کاروباری سەرەکیی بەرگری دەبێت، لە کاتێکدا 1.5%ـی دیکە بۆ پەرەپێدانی بنکەی پیشەسازیی بەرگری، بواری سایبەری و خەرجییەکانی دیکە دەبێت.
مارک رووتە هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "بەڵێ، ئەمە بڕێکی زۆرە لە خەرجی، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەین، دەبێت فێری زمانی رووسی ببین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ