ئەو پۆلیسەی لە سایبیریا بانگەشەی پێغەمبەرایەتیی دەکرد سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا

06-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو پیاوەی لە سایبیریای رووسیا بانگەشەی پێغەمبەرایەتیی دەکرد، سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا. 
 
سێرگی تۆرۆپ پیاوێکی تەمەن 64 ساڵی ریشداری قژدرێژە. پێشتر پۆلیسی هاتووچۆ بووە. 
 
بانگەشەی ئەوەی دەکرد، عیسای مەسیحە و زیندوو بووەتەوە بۆ ئەوەی پەیامی خوا بە جیهان بگەیێنێت. 
 
لە سەرانسەری جیهان، 10 هەزار شوێنکەوتووی هەبوو. 
 
دادگەیەکی رووسیا رایگەیاند، مەسیحە ساختەکە فێڵی لە شوێنکەوتووانی کردووە، پارەی لێ زەوتکردوون و ئازاری جەستەیی و دەروونیان داوە. لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیاری دا لەگەڵ دوو سەرکردەی دیکەی رێبازەکەی، 12 ساڵ بخرێنە زیندان و لەژێر چاودێریی تووندی ئەمنیدا کۆتوبەند بکرێن. 
 
لە ناوچەیەکی سایبیریا کە بە "شاری رۆژ" ناسراوە، تۆرۆپ بە کراسێکی درێژی سپی دەردەکەوت. 
 
شوێنکەوتووانی بە منداڵ، گەنج و پیرەوە دەورەیان دەدا. دەستیان درێژ دەکرد بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان، لە بەرەکەتی پیاوەکەیان بەربکەوێت. 
 
تۆرۆپ دەچووە کەنیسەکەی لە "شاری رۆژ" و باسی لە زیندووبوونەوە و دۆستایەتیی نێوان مرۆڤ دەکرد. 
 
ساڵی 2002 بە رۆژنامەی گاردیانی گوتبوو: "شتەکە زۆر ئاڵۆزە. بەڵام با بۆتانی سادە بکەم، بەڵێ، من عیسای مەسیحم. من خودا نیم. کارێکی هەڵەیە ئەگەر عیسا وەک خودا ببینن. بەڵام من وشەی زیندووی خودام. خودا هەرشتێکی بیەوێت، لە رێگەی منەوە دەیڵێت."
 
تۆرۆپ ئامۆژگاریی شوێنکەوتووانی دەکرد، گۆشت نەخۆن، جگەرە نەکێشن، کحول نەخۆنەوە، جنێو نەدەن و پارەش بەکارنەهێنن. 
 
بۆ نزاکردن، شوێنکەوتووانی، رووی خۆیان دەکردە شوێنی مانەوەی تۆرۆپ، کە لەسەر گردێکی گەورە بوو لە "شاری رۆژ". 
 
بەڵام ژیانی تۆرۆپ دیوێکی تاریک و شاراوەی هەبوو کە شوێنکەوتووانی پەییان پێ نەبردبوو. هەر ئەو دیوە رەشەش بوو کە بووە هۆی دەستگیرکردنی. 
 
ئەم پیاوە لە 1991ـەوە تاوەکو 2020، شوێنکەوتووانی خۆی بەکاردەهێنان، کاری پێ دەکردن و پارەی لێ وەردەگرتن. 
 
داواکاران دەڵێن، تۆرۆپ زیانی بە شوێنکەوتووانی گەیاندووە. بە شەش لەوانەی گوتبوون، نابێت چارەسەر وەرگرن، لە ئەنجامدا تووشی "نەخۆشیی سەخت" ببوون. 
 
ئێلێنا مێلینکۆڤا، یەکێکە لەو هەشت گەواهیدەری لە دژی تۆرۆپ لە دادگە قسەیان کرد. ئەو کاتەی مەسیحە ساختەکە دەستگیرکرا، گەواهیدەرەکە بە کەناڵی بی بی سیی گوتبوو: "هەندێ جار خەڵکی پێگەیشتوو و منداڵ دەمردن لەبەرئەوەی چارەسەری پزیشکییان وەرنەدەگرت."
 
مێلینکۆڤا ئاماژە بەوە دەکات، تۆرۆپ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی حەرام کردبوو. ئەو دەڵێت، تۆرۆپ پێی گوتوون: "خۆتان بناسن. لە ئێستا بە دواوە، پێویستە گۆشت خۆی چاک بکاتەوە. زۆربەی کات، نەخۆشی سزایەکە بۆ ئەوانەی گۆشتی خۆیان لەگەڵ سرووشت ناگونجێنن."
 
تۆرۆپ هاوەڵ و سکرتێری رۆژنامەڤانی و بەڕێوەبەری کاروباری ئایینی هەبوون. 
 
پیاوەکانی دەچوونە نێو خەڵک و داوای پارەیان دەکرد، بە بیانووی ئەوەی کە بۆ خزمەتکردنی ئایینەکە بەکاری دێنن. ئەلێکساندەر ستارۆڤێرۆچ، سکرتێرە رۆژنامەڤانییەکە دانی بەوەدا ناوە کە هەندێ لە شوێنکەوتووان، هەرچی سامانیان هەبووە، بەخشیویانە. 
 
دوو لە هاوەڵەکانی تۆرۆپ بە 11 ساڵ و 12 ساڵ بەندکردن سزا دران. 
 
تۆرۆپ هەموو تۆمەتەکانی رەتکردنەوە. 
 
دیار نییە کە ئایا داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکە دەکەن یان نا. 
 
تۆرۆپ لە ساڵی 1990 دەستی بە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کرد، کاتێک تەمەنی 29 ساڵ بوو، بانگەشەی ئەوەی کرد، عیسای مەسیحە و زیندوو بووەتەوە. 
 
لە ساڵی 1961 لە شاری کراسنۆدار لەدایکبووە، کە ئەوکات هێشتا یەکێتیی سۆڤیەت بوو. 
 
پێش بانگەشەی پێغەمبەرایەتیی، ژیانی تۆرۆپ پڕبووە لە سواربوون و دابەزین. 
 
ناوبەناو لە سوپای سووردا خزمەتی کردووە، هەندێ جار وەک کرێکاری بیناسازی، هەندێ جار لە کارگەکان و دواتریش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بووەتە پۆلیسی هاتووچۆ. دوورخستنەوەی لە کارەکەی، وای لێ کرد بێهیوا بێت و بە دوای خوولیایەکی دیکەدا بگەڕێت؛ ئەو کاتە بوو کە بڕیاریدا خۆی وەک پێغەمبەرێک رابگەیێنێت. 
 
بۆ داڕشتنی ئایینە نوێیەکەی، تۆرۆپ بیروباوەڕی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی رووسی، بۆدیزم و ئەپۆکلاپتیسیزمی تێکەڵ  کردن. 
 
چەند مانگێک دوای لە کارلادانی، کەنیسەی "بەڵێنی کۆتایی" لە کراسنۆیارسک دامەزراند. دوای چەند مانگێک لە ساڵی 1991 یەکێتیی سۆڤیەت رووخا. تۆرۆپ بە شوێنکەوتووانی گوتبوو، کۆتایی دنیا مسۆگەر و لەبەر دەرگایە و تەنیا ئەوانەی شوێن فەرمانەکانی دەکەون، رزگاریان دەبێت. 
 
یەکێک لە شوێنکەوتووانی کە تەمەنی 57 ساڵ و ناوی هێرمانە، بە رۆژنامەی گاردیانی گوتووە: "من ئابی رابردوو تۆرۆپم بینی. خۆشەویستی لەودا شەوق دەداتەوە. ئەو بە منی گوت کە دەبێت دوو یاسا جێبەجێ بکەم. ئەم قسەیە وەک کارەبا منی گرت. وەک زەنگلێدان وابوو."
 
دێنیز تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی ئوستراڵیایە، دەڵێت: "یەک دەنک گومانم نییە. بێگومان ئەو پێغەمبەرە."
 
تۆرۆپ ساڵنامەیەکی تەواو جیاواز و تایبەت بە خۆی دانابوو. 
 
کریسمس کە لای کرستیانەکان جەژنی لەدایکبوونی عیسا مەسیحە (د.خ)، لە ساڵنامەی تۆرۆپدا لابرابوو و 14ی کانوونی دووەم کە رۆژی لەدایکبوونی خۆیەتی، بە جەژن دانرابوو. گەورەترین رۆژی ئایینەکەی تۆرۆپ، 18ی ئاب بوو، ئەو رۆژەی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1991 لەنێو شوێنکەوتووانیدا نزای کرد. 
 
ئەیلوولی 2020، هێزێکی دەمامکداری ئەمنیی رووسیا چووە "شاری رۆژ" و تۆرۆپی دەستگیرکرد. 
 
ئێستا شوێنکەوتووانی کە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی سایبیریا دەژین، بێ سەرکردە ماونەتەوە. تا ئەو کاتەی ئازاد دەکرێت، تەمەنی دەبێتە 76 ساڵ. 
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا